کابینەی نۆیەم زۆرترین مۆڵەتی داوەتە کەرتی پیشەسازی

لە دوو ساڵدا هەزاران هەلی کار لە کەرتی پیشەسازی رەخسێندراوە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆرترین مۆڵەت دراوە کەرتی پێشەسازی، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا 41 مۆڵەت دراوەتەوە وەبەرهێنەران و سەرمایەکەشی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلارە، لەو ماوەیەدا هەزاران هەلی کاری نوێ لە سێکتەری پیشەسازیدا رەخساوەو لە ئایندەیەشدا حکومەت گرنگی زیاتر بە پێشخستی کارگەکان دەدات.

پێشخستنی کەرتی پێشەسازی و دامەزراندنی کارگە، دەرفەتێکی زۆری کاری لە کوردستان رەخساندووە، حکومەت بە ئامانجی زیادیکردنی دەستی کار، ئاسانکاری بۆ کردنەوەی کارگەو ناوچەی پێشەسازی کردووە. کارگەیەکی بەرهەمێهنانی ئاسن و کەرستەکانی بیناسازییە لە هەولێر، لەگەڵ دەستپێکردن بە بەرهەمهێنان هەلی کاری بۆ نزیکەی هەزار کەس رەخساندووە.

یەکێک لە کڕێکارەکان کە لەو کارگەیە کار دەکات بە کوردستان24ی گوت: "لێرە هەلی کار زۆرە، تەنها لە بەشەکەی ئێمە زیاتر لە 150 کرێکار ئیش دەکەن، کە هیچیان مووچە خۆر نین، داوا لە حکومەت دەکەین پڕۆژەی زیاتر بکاتەوە، بۆ ئەوەی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێ، کە ئەمە وا دەکات گەنجان چاویان لە مووچە نەبێت و کار بکەن".

کەرتی پیشەسازی بە بڕبڕەی ئابووری وڵاتان دادەنرێت، ئەمەش وایکردووە حکومەت زیاتر گرنگی بەو کەرتە بدات و هاووڵاتییان لە تاکێکی بەکارهێنەر بگۆڕی بۆ تاکی بەرهەمهێنن. بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانیش لەماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ بەگەڕخستنی پڕۆژەکانی دیکەی وەبەرهێنان زیاتر لە 50 هەزار هەلی لە کورستان دروست دەبن.