وه‌زیری گواستنه‌وه ورده‌كاری چاكسازییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م له كه‌رتی گواستنه‌وه ده‌خاته‌ڕوو

K24- هه‌ولێر:
ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی رۆڵی كابینه‌ی نۆیه‌م له به‌ره‌وپێشبردنی كه‌رتی گواستنه‌وه و چاكسازییه‌كانی حكومه‌ت له‌و كه‌رته له هه‌رێمی كوردستان گوتی: له ماوه‌ی 2 ساڵی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌مدا زۆرێك له كێشه‌كانی به‌رده‌م كه‌رتی گواستنه‌وه چاره‌سه‌ركراون و جه‌ختیشی كرده‌وه، به‌هۆی ئه‌و چاكسازیانه‌ی له‌و سێكته‌ره‌دا كراون، داهاتێكی یه‌كجار زۆر ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت.
سه‌باره‌ت به‌و چاكسازیانه‌ش كه له وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا كراون، وه‌زیری گواستنه‌وه ئاشكرایكرد، زۆرێك له فه‌رمانبه‌ران پله‌یان پێ درابوو، كه شایسته‌ی ئه‌و پلانه نه‌بوون و هه‌ندێكیان به‌شێوه‌یه‌كی نادروست خزمه‌تیان بۆ هه‌ژماركراوه و به‌گوێره‌ی یاسای چاكسازی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
وه‌زیری گواستنه‌وه جه‌ختیشی كرده‌وه، ئێمه له وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه به‌گوێره‌ی یاسای چاكسازی كاری خۆمان ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش فه‌رمان له مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گرین.
ئانۆ جه‌وهه‌ر گوتیشی: سوپاسی ئه‌و میدیاكارانه ده‌كه‌م، كه له ماوه‌ی دوو ساڵی كاركردنمان ره‌خنه‌ی بونیاتنه‌ریان له حكومه‌ت گرت و ئه‌و ره‌خنانه بوونه بنه‌مای كاركردنمان به ئاراسته‌ی چاكسازیكردن، هه‌روه‌ها گوتی: له هه‌مانكاتدا سوپاسی ئه‌وانه‌ش ده‌كه‌م، "كه به‌شێوه‌یه‌كی تێكده‌رانه ره‌خنه‌یان له ئێمه گرت و جنێویان به ئێمه دا و بوختانیشیان پێ كردین"، چونكه رووی راسته‌قینه‌ی خۆیان نیشاندا و وایان له‌خه‌ڵك كرد بتوانن راگه‌یه‌ندكاری بونیاتنه‌ر و چه‌واشه‌كار لێك جیا بكه‌نه‌وه و هیوادارم ئه‌وانه‌ی بونیاتنه‌ر بوون له‌و رێچكه‌یان به‌رده‌وام بن و ئه‌وانه‌شی چه‌واشه‌كار بوون، پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به‌خۆیاندا بكه‌ن و یارمه‌تی ئێمه بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین خزمه‌تێكی زیاتری هاووڵاتییان بكه‌ین.
سه‌باره‌ت به‌و كۆمپانیایانه‌ش كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه دراونه‌ته دادگا، وه‌زیری گواستنه‌وه گوتی: ئێمه ناوی هیچ كۆمپانیایه‌ك ناهێنین، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌چێته خانه‌ی ته‌شهیر كردن، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه 15 كۆمپانیایه و به هۆكاری جیاواز دراونه‌ته دادگا، به‌شێكیان به‌هۆی ئه‌وه‌یه كه شایسته داراییه‌كانی حكومه‌ت لای ئه‌وانه و نه‌یانگه‌ڕاندووه‌ته‌وه، گوتیشی: ئێمه 59 كۆمپانیامان ئاگادار كردبووه‌وه، له‌و ژماره‌یه‌ش 21 كۆمپانیا سه‌ردانی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌یان كرد و شایسته داراییه‌كانی حكومه‌تیان گه‌ڕانده‌وه، 3 كۆمپانیاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه، له‌و كه‌یسانه‌ش وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه 5 كه‌یسی له دادگا بردووه‌ته‌وه و له‌باره‌ی كه‌یسه‌كانی دیكه‌ش رێكاری دادگایی به‌رده‌وامن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بڕی ئه‌و شایسته داراییانه‌ی له‌لای ئه‌و كۆمپانیایانه بوو، له سه‌رووی 3 ملیار دینار بوو.
سه‌باره‌ت به چاكسازیكردن له فڕۆكه‌خانه‌كانیش، ئانۆ جه‌وهه‌ر گوتی: ته‌نها له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر به رێژه‌ی 40%ی خه‌رجییه‌كان كه‌مكراونه‌ته‌وه، كه به ملیۆنان دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت.