"هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ چارسه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان سه‌ركه‌وتووبووه‌"

کابینەی نۆیەم ھیچ بیانوویەکی بۆ بەغدا نەھێشتووەتەوە تا لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکنەکەوێت
كابینه‌ی نۆیه‌م به‌سه‌ر قه‌یرانی داراییدا زاڵ بووه‌
كابینه‌ی نۆیه‌م به‌سه‌ر قه‌یرانی داراییدا زاڵ بووه‌

K24- سلێمانی:

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە ھەوڵی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق داوە و بە گرنگی زانیووە کە بەپێی دەستوور، کورد مافەکانی وەربگرێت، چاودێرانی سیاسیش دەڵێن کابینەی نۆیەم ھیچ بیانوویەکی بۆ رێکكەوتن لەسەر سەرجەم کێشەکان بۆ بەغدا نەھێشتووەتەوە و سازشی لەسەر مافە یاسایی و دەستوورییەكانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان نەكردووە.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لەسەرەتای دەستبکاربوونیەوە نیەتی ئەوەی ھەبووە، کە پەڕەیەکی سپی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق ھەڵبداتەوە، لەم پێناوەشدا ئامادە بووە بە پێی دەستوور رێکكەوتن لەسەر کێشەکان بکات، بۆ سەلماندنی ئەمەش چەندین جار شاندی حکومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ پرسە جیاوازەکان سەردانی بەغدای کردووە، بە تایبەت بۆ کێشەی بودجە و مووچەی فه‌رمانبه‌رانی ھەرێمی کوردستان، ئازاد دۆسکی، پسپۆڕی دەستوور و چاودێری سیاسی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، حکومەتی ھەرێمی كوردستان ھەنگاوی جدی ناوە بۆ رێکكەوتن لەگەڵ بەغدا بەڵام کێشەکە لەوەدایە فرە جەمسەری لە بەغدا ھەیە.

لە کاتی ئامادەکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق، حکومەتی ھەرێم چەند جارێك سەردانی بەغدای کرد و دواتر رێکكەوتنیش کرا، بە بۆچوونی ئاسۆ عەبدولەتیف، چاودێری سیاسی، حکومەتی ھەرێمی كوردستان دەستکەوتێکی گەورەی بەدەست ھێنا، ئەویش ئەوەبوو حكومەتی عێراق دانی بە یاسایی بوونی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی كوردستاندا ناوه‌.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین جار ئەوەی نەشاردووه‌تەوە، ئەوان ئامادەن لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر ھەموو پرسەكان بە گوێرەی یاسا و دەستوور رێكبكەون، ئەو رێکكەوتنە جا لەھەر بوارێکدا بێت، به‌ مەرجێك کاریگەری لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵك و قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان نەبێت.

د.ی