زیاتر لە 60 ھەزار کۆمپانیای وەھمی لە عێراقدا مۆڵەتیان لە حکومەت وەگرتووە

"کۆمپانیا وەهمییەکان بناغەی گەندەڵین لە عێراق"
هه‌زاران كۆمپانیای وه‌همی له‌ عێراق تۆمار كراون
هه‌زاران كۆمپانیای وه‌همی له‌ عێراق تۆمار كراون

K24- هه‌ولێر:

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەستی کوردستان24 کەوتووە، زیاتر لە 60 ھەزار کۆمپانیای وەھمی لە عێراقدا مۆڵەتیان لە حکومەت وەگرتووە و ھەزاران پڕۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرھێنانیان لە حکومەت بە بەڵیندەرایەتی پێدراوە، ھیچکام لەو پڕۆژانەش جێبەجێ نەکراون، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراقیش بە کوردستان24ی راگەیاند، بناغەی گەندەڵی لە عێراق ئەو کۆمپانیا وەھمیانەن، کە عێراقیان لە رووی خزمەتگوزارییەوە وێران کردووە.

گەندەڵی دارایی لە عێراقدا سەرجەم جومگە ئیداریەکانی گرتووەتەوە، یەکێك لەو گەندەڵییانەی بە بناغەی بەھەدەردان و دزیکردن لە پارەی گشتی ناو دەبرێت، بوونی ئەو کۆمپانیا وەھمیانەن، کە مۆڵەتیان لە حکومەت وەرگرتووە و لەژێر چەتری ئەو مۆلەتانەدا پارە بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرھێنان وەردەگرن، لە ئەرزی وەقعدا ھیچکام لەو پڕۆژانە نابینرێن، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئەرکی وەزارەتی پلاندانان و بازرگانییە، ئەو کۆمپانیایانەی بوونیان نییە و مۆڵەتیان وەرگرتووە، ھەموو مۆڵەتەکان ھەڵبوەشێنێتەوە.

عالیە نوسەیف، سەرۆکی لیژنەی دەسپاکی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "ئەو کۆمپانیانە دەتوانن گرێبەست لەگەڵ سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان بکەن، کە ھەم وەھمین و ھەم سەر بە داعشن، بۆیە ئەوە بناغەی ئەو کارەساتە گەندەڵیەیە، کە ئەمرۆ لە عێراق ھەیە، ئەرکی وەزارەتی پلاندان و بازرگانییە، لێکۆڵینەوە لە سەر دۆسیەی ھەموو ئەو کۆمپانیایانە بکەن، کە لە رابردوو ھاتوونەتە عێراقەوە لە ھەموو بوارەکان بە تایبەت لە بوارە ئابوورییەکان و وەبەرھێنان و کارەبا و كه‌رته‌كانی دیكه‌، چاو بە گرێبەستەکانیان بخشێنێتەوە و دۆسیەکانیان ھەڵبدەنەوە، کە ھەندێکیان لە پلەبەندی پێشەوەی وەرگرتنی پرۆژە بوونە، چونکە بە راستی ئەوان بوون بە بناغەی گەندڵی و ماڵوێرانی".

نەبوونی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بەغدای پایتەخت تا شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق وەك دەردێکی لێھاتووە و رۆژانە ھاووڵاتیان بەدەستیەوە دەناڵێنن، ھاوکات سەدان خۆپشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی نەیتوانیوە عێراق لە دەردی گەندەڵی رزگار بکات، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراقیش روونیكرده‌وه‌، ئەو کۆمپانیا وەھمیانە بە جۆرێك زیانی ئابووریان لە عێراق داوە، کە رۆژانە بە ئاسانی پارە دەبەنە دەرەوەی وڵات و بەھەدەری دەدەن.

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "بەڵی چەندین کۆمپانیا ھەیە، تاکو ئێستا ھەر تۆمارنەکراون، بێگومان کە پڕۆژەشیان پێدەدرێت، یاسایی نییە و یاسای کۆمپانیاکانیش زۆر روونە، سپیکردنەوەی پارە و ئەو لایەنانەی کە بە قاچاغ پارە دەبەنە دەرەوەی وڵات لە رێگه‌ی ئەو کۆمپانیایانەوە ئەو کارانە دەکەن، بۆیە ئێمەش لیژنە ئابورییەکان و ئەو لایەنانە بە بەرپرس دەزانین، کە چارەنووسی ئەم وڵاتەیان لە ئەستۆیە".

ھەندێك ئاماری نا فەرمی ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژمارەی کۆمپانیا وەھمیەکان لە سەرووی 60 ھەزار کۆمپانیاوەیه‌ و رۆژانە لە رێگه‌ی پارێزەرەکانیانەوە پڕۆژە لە حکومەت وەردەگرن و ھیچی جێبەجێ ناکەن، بەڵکو تەنیا پارەی پڕۆژەکان دەدزن، ئەمەش پاڵپشتی بەشێک لە سەرکردە و گەورە بەرپرسانی لە پشتەوەیە، بۆیە حکومەت ناتوانن رێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر بگرنەبەر.

د.ی