پلاسخارت لەبارەی عێراقەوە داوایەک لە ئێران دەکات

ئیره‌ج مه‌سجدى به‌ پلاسخارتى راگه‌یاندووه‌ هه‌ردوو باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا ده‌ست له‌كاروبارى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق وه‌رده‌ده‌ن ده‌بێت سه‌روه‌ری عێراق بپارێزرێت
جینین هێنس پلاسخارت
جینین هێنس پلاسخارت

K24 - هه‌ولێر:

ئیره‌ج مه‌سجدى، باڵیۆزى ئێران له‌ عێراق،  بۆ ئاژانسی ئێرنای ئێرانی، رایگه‌یاند، جینین هێنس پلاسخارت داوای له‌ ئێران كردووه‌، له‌كاتى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران، ئاسایشى عێراق بپارێزێت.

مه‌سجدى، روونیشیكرده‌وه‌، پلاسخارت پرسیارى په‌یوه‌ندى ئیبراهیم ره‌ئیسى و حكومه‌تى ئێستاى عێراقى كردووه‌، پێم راگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان به‌غدا و تاران به‌ره‌و پێش ده‌چێت، بره‌ویشی پێده‌ده‌ین.

ئیره‌ج مه‌سجدى، به‌ پلاسخارتى راگه‌یاندووه‌، هه‌ردوو باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا، ده‌ست له‌كاروبارى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق وه‌رده‌ده‌ن، ده‌بێت سه‌روه‌ری عێراق بپارێزرێت.

باڵیۆزى ئێران له‌ عێراق و جینین پلاسخارت، نێرده‌ى تایبه‌تى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، له‌ به‌غدا، تاوتوێى دوا پێشهاته‌كانى عێراقیانكرد، ئیرەج مەسجدی لە رێگەی ئاژانسی ئێرنای ئێرانی، باسی لە ناوەرۆکی دیدارەکەی کردووە.

پێشتریش به‌غدا رایگەیاندبوو، عێراقییه‌كان نیگه‌رانن له‌ چالاكییه‌كانى ئێران، كه‌ له‌ رێگه‌ى میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كان لەگەڵ تاران، هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان و هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانى دژ به‌ داعش، ئه‌مه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى یاساوه‌ ده‌كرێت، پێویسته‌ رێز له‌ ده‌ستوور و سه‌روه‌ری عێراق بگیرێت، چونکە ئەو هێزانە لەسەر داوای عێراق هاتوونە ئەم وڵاتە.

سەرچاوە: ئیلاف

ک.ب