ئه‌مه‌ریكا: ئاماده‌ین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیكرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه بگه‌ڕێته‌وه بۆ دانوستانه‌كانی ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئێران له‌باره‌ی زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی تاران.
له كۆنگریه‌كی رۆژنامه‌وانیدا نید برایس، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به راشكاوانه ئاشكرایكرد، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه به‌شداری له گه‌ڕی حه‌وته‌می دانوستانه‌كانی ڤیه‌ننادا بكات، كه تایبه‌تن به زیندووكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران.
جێگای ئاماژه‌یه، له مانگی نیسان/ ئەپریلی ئه‌مساڵه‌وه تا ئێستا 6 گه‌ڕی دانوستان به سه‌رپه‌رشتی و چاودێری یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ رزگاركردنی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له ڤیه‌ننا به‌ڕێوه‌چوون، كه له ساڵی 2018 دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌و رێككه‌وتنه راگه‌یاندبوو و سزاكانی سه‌ر تارانی گه‌ڕانده‌وه، له به‌رامبه‌ریشدا ئێران پابه‌ندبوونی خۆی به مه‌رجه‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنه كه‌مكرده‌وه.
له‌كاتێكدا دانوستانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌نێوان ئێران و هه‌ریه‌ك له رووسیا، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌ده‌چن، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ناڕاسته‌وخۆ له‌ڕێگه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپاوه به‌شداری له‌و دانوستانانه‌دا ده‌كات.
ئێران ره‌تی ده‌كاته‌وه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا بكات، تا ئیداره‌ی بایدن سزاكانی سه‌ر تاران لانه‌بات، له‌كاتێكدا واشنتن جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، به‌رامبه‌ر به یه‌ك، هه‌نگاو به هه‌نگاو بچنه پێشه‌وه.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز
H.B