هەرێمی کوردستان ئامادەی بەهاناوەچوونی قوربانییانی ئاگرەکەی ناسریەیە

"حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یه‌ بۆ هەر پێداویستییەکی پزیشکی و پێشوازیکردنی برینداران"
نه‌خۆشخانه‌ی حوسێن له‌ ناسریه‌ سووتا
نه‌خۆشخانه‌ی حوسێن له‌ ناسریه‌ سووتا

K24 - هه‌ولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییانی ئاگرەکەی نه‌خۆشخانەی حوسێن له‌ ناسریه‌ دەردەبڕێت.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق و پارێزگاری زیقار و بەرێوەبەری تەندروستی زیقار، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ فریاگوزاری و ناردنی هەر پێداویستییەکی پزیشکی و پێشوازیکردنی برینداران و نەخۆشان بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێم و هاوکاریکردنیان.

تەندروستی زیقار بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی ئەو ئاگرەکەی کە شەوی رابردوو لە نەخۆشخانەی ‌حوسێن لە ناسریە کەوتەوە، 58 کەس گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها بەڕێوەبەرایەرتی تەندروستی بەهۆی ئەو رووداوە باری لەناکاوی راگەیاندووە.

دوای رووداوەکە، خەڵکی ناسریە خۆپیشاندانێکی فراوانیان دەستپێکرد و داوای سزادانی کەسانی کەمتەرخەمیان کرد و رایانگەیاند، دەست لەکارکێشانەوە بە تەنیا بەس نییە.