كێڵگه‌ی ئه‌لعومه‌ری دێرزوور بۆردومان كرا

له‌ دووره‌وه‌ دووكه‌ڵی ره‌شی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و بۆردومانه‌كه‌، كه‌ له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌رز ده‌بوویه‌وه‌ بینراوه‌.
دیمه‌نێكی رووداوه‌كه‌
دیمه‌نێكی رووداوه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

جارێكی دیكه‌، به‌ مووشه‌ك هێرش كرایه‌وه‌ سه‌ر كێڵگه‌ی ئه‌لعومه‌ر له‌ ده‌وروبه‌ری خۆرهه‌ڵاتی دێرزوور.

كێڵگه‌ی ئه‌لعومه‌ر، بنكه‌ی سه‌ربازی سوپای ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعشی تێدا جێگیر كراوه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ میدیاییه‌كان، له‌ دووره‌وه‌ دووكه‌ڵی ره‌شی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و بۆردومانه‌كه‌، كه‌ له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌رز ده‌بوویه‌وه‌ بینراوه‌.

میدیای گرووپه‌ چه‌كدارییه‌كانی لایه‌نگری ئێران بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ كاتژمێر  (12:15) و دوای نیوه‌ڕۆ كاتژمێر (1:00) به‌ مووشه‌ك بۆردومانی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌یان كردووه‌.

له‌ (11ی ته‌مموز)یشدا به‌ مووشه‌ك هێرشكرایه‌ سه‌ر بنكه‌كه‌ و له‌ هه‌فته‌ی رابردووه‌وه‌ ئه‌مه‌ سێیه‌م جاره‌ به‌و جۆره‌ مووشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه‌كه‌ بكرێت.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی هه‌واڵیی سانای ره‌سمیی سووریا