فرۆشتنی دەرمانی قاچاغ زیادیکردووە

دەرمانی قاچاغ لە دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردە دەکرێت
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

دەرمانی قاچاغ و بێ کوالێتی  بازاڕی دەرمانی لە ھەرێمی کوردستان تەنیوە، تا دێت دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان لەسەر بەکارھێنانی ئەم دەرمانانە دادەخرێن. بەشێکیان بێ سەرچاوەن و بەشێک قەدەغە کراو هەندێکیشی بە قاچاغ  ھاوردە دەکرێت، کە ئەمەش ھەمویان کێشەن بۆ سەر تەندروستی کۆمەڵگە، لەگەڵ ئەوەش تا ئێستا سزاییەکی قورس نییە بۆ ئەو کەسانەی قاچاخچێتی بە دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکانەوە دەکەن.

گۆڤەند رەوەند، سەرۆکی لیژنەی چاودێری بازاڕ لە کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان بە کوردستان24ی راگەیاند: "دەرمانی بێ سەرچاوە ئەوەیە کە بەڕێکارەکانی یاسایی و زانستی و ئیداری وەزارەتی تەندروستی تێپەڕ نابێت، واتا ئەو دۆکیۆمێنتانەی پێویستە کۆمپانیایەکی یاسایی لە رێگەی کوالێتی کۆنتڕۆڵ پێشکەشی دەکات بۆ هاوردەکردنی دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوەیان نییە و بێ سەرچاوەن".

گوتیشی: "ئەو کۆمپانیایانەی کە بێ سەرچاوە دەرمان دەهێننە هەرێمی کوردستان، کۆگا کردن و گواستنەوەی دەرمانیان جیاوازە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی بە یاسایی و لە رێگەی وەزارەتی تەندروستی کارەکە دەکەن. بۆ نموونە کۆمپانیا بێ سەرچاوەکان بەڕاد بەکارناهێنن بۆ گواستنەوەی دەرمان".

وەزارەتی تەندروستی داوا لە لیژنەی تەندروستی پەرلەمان دەکەن، پێداچوونەوە بە یاساکانی  ھاوردەکردنی دەرمان بکەن، ئەندامێکی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانیش دەڵێ، ئێستا حکومەت سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای دامەزراوەی دەرمانە، کە دەتوانێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات.

گەلاوێژ عوبێد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "پڕۆژەیاسای دامەزراوەی دەرمان پەسند بکرێت هەموو لایەنەکان لەخۆ دەگرێت، ئەوکات هەموو هاوردەکردنی دەرمان بە یاسایی دەکرێت و حکومەت خۆی سەرپەرشتی دەکات، یاساکان لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و دژی هاوردەکردنی دەرمان قاچاغ و بێ سەرچاوە و خراپ دەبێت".

دەرمانی بێ کوالێتی و بێ سەرچاوە، لە بەشێکی دەرمانخانەکانی ھەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت. ناوە ناوەش لە لایەن  لیژنەکانی کوالێتی کۆنتڕۆڵ و قایمقامیەتی ھەولێرەوە دەستی بەسەر دادەگیرێت. ئەمە جگە لەوەی بە دەیان جار لە بازگەکان دەست بەسەر ئەو دەرمانانە گیراوە، کە بەشێوەی نایاسایی ھاوردە کراون. بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیش نایشارنەوە کە لە 70% ئەو دەرمانانە قاچاغ و بێ کوالێتین و لە دەروازە سنورییەکانە بەتایبەت لە سنووری سلێمانی  ھاوردە دەکرێن.