جۆرێکی دیکەی کۆرۆنای مەترسیدار بڵاودەبێتەوە

رێکخراوی تەندروستی جیهان هۆشداری دەدات
کۆرۆنا
کۆرۆنا

K24 - هەولێر

رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە گۆڕانکارییەکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات و رایدەگەیەنێت، جۆرێکی دیکەی کۆرۆنا دەرکەوتووە کە زۆر خێراتر و مەترسیدارترە.

کاریسا ئیتیان، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە "کۆرۆنا خۆی گۆڕیوە و جۆرێکی دیکە سەریهەڵداوە، بە ناوی ڤایرۆسی لامبدا، کە بەڵگەکان لەسەر ڤایرۆسەکە ئاماژە بە مەترسییەکی زۆر دەکەن لە رووی خێرا بڵاوبوونەوە و دابەزاندنی بەرگری جەستە".

دەشڵێت "لەم چەند هەفتەیەی دواییدا 70٪ تووشبووان لە چیلی و ئەرژەنتین هەرڵگری کۆرۆنای لامبدان".

ئەو بەرپرسەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئاماژە بەوەش دەکات "بەڵگەی تەواو و یەکلاکەرەوەیان بەردەست نییە دەربارەی تایبەتمەندییەکان و ئاستی مەترسی ئەو جۆرەی کۆرۆنایە، هێشتا لە لێکۆڵینەوەدان".