داینامیزمی دەوڵەتداری و دیپلۆماسییەتی مەسرور بارزانی

Kurd24

دوو ساڵ بەسەر كاركردنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی تێپەڕی، دوو ساڵی سەخت و پڕ لە قەیرانی ئابووری و كۆرۆنا و گرفتی دیكەی نەخوازراو بەرۆكی حکومەتی هەرێمیان گرت، بەڵام بەهۆی ئیرادەی بەهێزی جەنابی كاك مەسروربارزانی، حكوومەتی هەرێم توانی بەسەر قەیرانەكاندا سەربكەوێت و كۆمەڵێك دەستكەوتی گەورەش بەدەست بهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا چاكسازی بكات و ئاستی خزمەتگوزارییەكانیش بەرزكرانەوە و بەردەوامیش بە پرۆژە و خزمەتگوزارییە هەمەجۆرەكان درا، وێڕای سەختییەكان بەڵام پێشكەوتن لە هەموو سێكتەرەكاندا رووی داوە، چونكە ئیرادەیەكی بەهێز سەرۆكایەتیی كابینەی نۆیەمی حكوومەت دەكات.

بە بۆنەی یادكردنەوەی ئەو دوو ساڵەی كاركردنی كابینەی نۆیەمی حكوومەت، لقی شەشی ئەورووپای پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی ئۆنلاینەوە وێبینارێكیان بە ناوی (داینامیزمی دەوڵەتداری و دیپلۆماسیەتی بەڕێز مەسرور بارزانی) وەك وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ڕێكخستم، بۆ ئەوەی بتوانین بەشێك لە ڕوئیا و كارە ستراتیژیییەكانی جەنابی سەرۆكی حكوومەت و خودی كابینەكە بخەینەڕوو، لێرەدا بە پێویستم زانی بەشێك لە قسەكانمان بەشێوەی تێكست بڵاو بكەمەوە. ئەمەی خوارەوە بەشێكن لە قسەكانمان.

سەرەتا دەمەوێ لەوەوە دەستپێبكەم كە قسەكردن لەسەر كەسایەتی و ڕۆڵ و كاركردنی ڕەمزەكانمان، سەركردەكانمان، لە كۆبوونەوە تایبەتی و حیزبییەكان، لە دیدار و چاوپێكەوتنە میدیاییەكان، كارێكی نەوەك تەنیا بە سوود و گرنگە، بەڵكوو لە هەمان كاتدا پێویستیشە، بۆچی پێویستییە؟ لەبەر چەند هۆكارێك و بە تایبەتی لەبەر دوو هۆكار كە ئەو بابەتە زۆر بە گرنگ دەزانم، یەكەمیان، بۆ ئەوەی كادرانی حزب لە ڕوانگەی جیاوازیی كەسەكانەوە خەسڵەت و كەسایەتی و ڕۆڵ و كاركردنی ڕەمز و كارەكتەرە سیاسییە گرنگەكانیان بۆ باس بكرێ و خوێندنەوەی جیاواز و شرۆڤە و لێكدانەوەیان بۆ بكرێت تا زیاتر لە گرنگیی كاركردن و ڕۆڵ و پێگەی ئەو كەسایەتی و سەركردانە شارەزا ببن. خاڵێكی دیكە پێموایە لەبەر ئەوەی ڕەمز و سەركردە و كەسایەتییە گرنگەكانمان، بەردەوام لەبەردەم سێرەی هەڵمەتی هێرشی چەواشە و ناڕەوای دوژمنان و ناحەزانی كورد و پارتیدان، بۆیە مافی خۆمانە چ لە كۆبوونەوە تایبەتییە حزبییەكان و چ لە دیدار و چاوپێكەوتنە میدیاییەكانمان، وەڵامی هەموو ئەو هەڵمەت و هێرش و هەڕەشە پڕ چەواشەكارییانە بدەینەوە و كاریان لەسەر بكەین و ڕاستییەکان ڕوون بکەینەوە.

یەكێك لەو كەسایەتی و سەركردە و ڕەمزانەمان كە بە بەردەوامی لەبەردەم سێرەی دوژمنان و ناحەزاندایە، ئەویش جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆیە دەمەوێ بە شانازییەوە لەسەر رۆڵ و ئەرك و پێگەی كاك مەسرور بارزانی لە پرۆسەی دەوڵەتداری و حوكمڕانی و سەرۆكایەتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدوێم و گفتوگۆی لەبارەوە بكەین. ئەمەش حاڵەتێكی تەندروستە و لەناو هەموو حزبە سیاسییەكانی دونیاشدا ڕۆڵ و پێگە و ئەرك و لێوەشاوەیی و ڕۆڵبینینی كەسە یەكەمەكان چ لەناو حكوومەت، چ لەناو پێگە و بوارە سیاسییەكاندا گفتوگۆیان لەسەر بكرێت، وەك بابەتێكی رۆشنبیری و بۆ زیاتر ئاشناكردنی هەڤاڵان و كادرانی خۆمان، بەو ڕۆڵ و ئەركەی كە لەسەر شانیانە.

كەسایەتی دەوڵەتدار

كەسی دەوڵەتدار دەبێت خاوەنی ڕوئیا بێت و ڕوئیاش پێویستە واقیعی بێت و بزانێت كە ئێستا لە كوێیە و سەرچاوەكانی بەردەستی چین و ویست و دیدگای چییە بۆ ئەوەی بگات بەو ڕوئیایە و ئەو ئامانجانەی كە دەیەوێت پێیان بگات. هەروەها تواناكان و دەوروبەرەكەی، میكانیزمە داراییەكان و توانای مرۆیی چۆنن و چۆنیش دەتوانێت بەکاریان بهێنێت بۆ ئەوەی بەو ئامانج و ڕوئیایەی بگات. جەنابی كاك مەسرور بارزانی، خاوەنی ڕوئیایەكی ڕوون و دیارە، دووربین و واقیع بینە، ئەو بابەتەش زۆر بە ئاشكرا لە قسە و هەڵوێست و ڕێنماییەكانی، لە دیدارە میدیاییەكانی و لەو كۆبوونەوانەی ئەنجامیان دەدات و لەو بوارانەی بەردەوام قسەیان لەبارەوە دەكات، هەڵوێست و ڕوئیاكانی زۆر ڕوون و دیارن.

لەوانە گرنگتر، ئەو ڕوئیایەی لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا زۆر بە جوانی بەرجەستە بووە، بەوەی هەموو بوارەكان سەرتاسەرین و لە كارنامەی حكوومەتدا ڕەنگیان داوەتەوە، ئەگەر وەك نموونە تەماشا بكەین، لە ئاستی چاكسازیدا بایەخی زۆری بەو بابەتە داوە و لە ئاستی خزمەتگوزاریش بەهەمان شێوە، هیچ سێكتەرێك فەرامۆش نەكراوە، خۆ ئەگەر ئەو دوو ساڵەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبسەنگێنین، لە هەموو ئاستەكان كار كراوە و هیچ بوارێكیش پەراوێز نەخراوە.

لە ئاستی ئازادی و پەیوەندییەكاندا

لە ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و هەروەها پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی دیكە بە هەمان شێوە، بە میكانیزم و ریتمێكی هاوسەنگ و گونجاو درێژەی پێداوە. ئەگەر دیقەت بدەین، لەسەر ئاستی ئازادییەكان، دیموكراسی و پێكەوەژیاندا بەشێكی زۆر گرنگیی كارنامەی حكوومەت، ئەم ڕوئیایەی كاك مەسرور بارزانی تێدایە بۆ كاركردن لەو بوارەدا. هەروەها لە هەموو بوارەکانی دیکەی وەكو بواری ئابووری، دارایی، داهات و پشتبەستن بە داهاتی ناوخۆیی، هەموو سێكتەرەكان و ئاستی كارگێڕیش، كاتێك تەماشا دەكەین، ئەو ڕوئیا و دیدگایانە، ڕوئیا و دیدگای واقیعین و لەناو بەرنامەی كاری جەنابی سەرۆكوەزیران و كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا زۆر بە ڕوونی بەدیاركەوتوون و ڕەنگیان داوەتەوە، ئەگەر وردتر لەو بوارە بدوێم، سەروەری و شكۆمەندیی خاك و پیرۆزی یەكپارچەیی خاكی هەرێمی كوردستان، لە خاڵە گرنگەكانی كاك مەسرور بارزانین بۆ دەوڵەتداری و حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

میتۆدی كاركردنی جەنابی مەسرور بارزانی

پیرۆزی یەكپارچەیی خاكی هەرێمی كوردستان و مامەڵەكردنی لەگەڵ شارەكانی هەرێمی كوردستاندا بە یەكچاو و لە یەك ئاستدا، لە لای كاك مەسرور بارزانی جیاوازی لەنێوان كەلار و زاخۆ، لەنێوان ڕانیە و ئاكرێ، لەنێوان هەولێر و سلێمانی، لەنێوان دهۆك و هیچ شار و شارۆچكەیەكی كوردستاندا نییە و ئەو بودجانەی  كە تەرخان دەكرێن و ئەو خەرجیانەی دەكرێن، ئەو پرۆژانەی جێبەجێ دەكرێن، بە یەك ئاست لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ دەكرێن، خۆشەویستی خەڵك و خۆشەویستی ئەو شارانە لە كاركردن و میتۆدی جەنابی كاك مەسرور بارزانیدا لەپێشینەن. ئەوەی كە بەرانبەر خاكی هەرێمی كوردستان و شار و شارۆچكەكان هەیە، بێگومان بەرانبەر خەڵكەكەشی هەیە، وەك رێزگرتنی خەڵك و بڕیاردان بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە خەڵكی هەموو ئەو شارانەی هەرێمی كوردستان، کە ئەوەش لە میتۆدی کارکردنی سەرۆکی حکومەتدا ڕەنگی داوەتەوە.

سەقامگیری و ژیانێكی شایستە لە هەرێمی كوردستان

خاڵێكی دیكە لە دیدگا و بەرنامەی جەنابی كاك مەسرور بارزانی لە حوكمڕانی و دەوڵەتداریدا بایەخدانە بە باری سەقامگیری و ئاسایش و هێمنی و ئارامی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی هەم خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەم میوانان و ئەو كەسانەی كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە لە كەشێكی ئارام و سەقامگیر و پڕ لە دڵنیاییدا بژین. ئەو خەسڵەتانەی نەك تەنیا لەو كاتەوەیە کە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵكوو پێشتریش كە ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بوو، دیارە ئەوكاتە لە كرۆك و ناوەندی ئەركەكانیدا بوو، ئێستاش بە هەمان شێوە لە درككردن بە پێویستیی بوونی ئەمنییەت و ئارامی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ژیانێکی سەقامگیر، لە ئەولەویەتەكانی كاری جەنابی سەرۆكی حكوومەتدایە.

بایەخدان بە ئازادیی تاك و ژیانێكی شایستە بۆ تاكەكان، ژیانێكی سەربەرزانە و پێكەوەژیان، لای جەنابی كاك مەسرور بارزانی بە تایبەتی بایەخێكی زۆریان هەیە و لەناو ئەو توێژانەش بایەخدان بە گەنجان و كردنەوەی كەناڵی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گەنجان وەكوو سەروەت و سامانێكی نیشتمانی، وەكوو ئایندەی ئەو وڵاتە، پێگە و شوێنێكی بەرچاوی هەیە، كە بە باشی لە ڕۆڵ و ئایندەی گەنجان تێدەگات كە چ ڕۆڵێكی داهێنەرانە لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا دەگێڕن، بۆیە ڕاستەوخۆ بایەخیان پێ دەدات و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە و گوێ لە بیروبۆچوونە نوێیەکانیان دەگرێت و لە دنیابینی جیاواز و نوێی ئەوانەوە دەیەوێت تەماشای داهاتوو بکات. ئەگەر تەماشا بكەین، بایەخدان بە خاك و نیشتمان، جیاوازی نەكردن لەنێوان شارەكان، سەیركردنی هەموو خەڵكی كوردستان بە یەك ئاست و لەناو ئەوانیشدا بایەخدان بە گەنجان، كە تەماشا دەكەین ئەنجامەکەی بایەخدانە بە هەردوو هەردوو لایەنی خاك و مرۆڤ بە بەرەو پێشچوونێكی هاوسەنگ و هاوشان، کە ئەوەش خاڵێکی بەرچاوە و لە كاری حوكمڕانی و كردەوەكانی كاك مەسرور بارزانی دەبینرێت.

پرۆسەی دەوڵەتداری و چاكسازی و ژێڕخان

خاڵێكی دیكە لە پرۆسەی دەوڵەتداری و حوكمڕانی كاك مەسرور بارزانی، ئەویش بایەخدانە بە چاكسازی و ئەو بابەتەی كردووە بە یەكەم خاڵ لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، سەرەڕای لەمپەر و قورسییەكان، سەرەڕای ئەو بەربەست و زەحمەتییانەی كە دێنە پێش كاركردن لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام جەنابی كاك مەسرور بە ئیسرار و ئیرادە و ویستێكی زۆر بەهێزەوە بەردەوامە لەسەر بابەتی چاكسازی لە هەموو ئەو سێكتەر و وەزارەتانەی كە پێویست بن، بە گشتی لە هەموو بوارێكی ژیان و حوكمڕانیدا بایەخێكی گەورەی پێدەدات، خەریكە بەرهەمەكانی چاكسازی و سەرەتاكانی بەدیاركەوتوون، كە بەشێكیان هەر لە ڕۆژانی یەكەمی كابینەوە سنووریان بۆ داندرا و ئێستاش لە بوارەكانی دیكەدا خەریكە بەرەو پێشچوونیان تێدا ڕوو دەدات، دڵنیام بەرەو پێشچوونی بەرچاویش لە ماوەكانی داهاتوودا لە بەرهەمی چاكسازیدا بەدیاردەكەوێت.

بابەتی بایەخدان بە بونیادنانەوەی ژێرخان و زانینی ئەو بوارە لەلایەن جەنابی كاك مەسرور بارزانییەوە، كە كرۆكی پێشكەوتنی وڵاتان پەیوەستە بە ژێرخانەوە، بەو پرۆژانەی پێویستە لە بواری ژێرخاندا ئەنجام بدرێن، بۆیە كە سەیر دەكەین جەنابی سەرۆكی حكوومەت زۆر بە بایەخەوە كار لەسەر دروستكردنی پرۆژەكانی ژێرخان لە سەرجەم شارەكاندا دەكات، ئەگەر وەك نموونە سەیر بكەین، ئەویش بابەتی بونیادنانی تۆڕەكانی شەقام و رێگەوبانە، بە چ نەفەسێك كە لە هەولێردا كار لەسەر ئەو بابەتە دەكرێت، بە هەمان ئەندازەش لە سلێمانی و دهۆك، لە قەڵادزێ و ڕانیە و لە شارەكانی دیكەشدا تۆڕەكانی شەقام و رێگەوبان بەشێكی خەرجی و بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ دابین كراوە.

لە بواری پرۆژەكانی كشتوكاڵ و  گەشتوگوزاردا، بە تایبەتی لە پرۆژەكانی دابینكردن و بەرهەمهێنانی ئاوی خاوێنی خواردنەوە بۆ هەموو هاووڵاتییانی كوردستان، جەنابی سەرۆكی حكوومەت بەشێكی زۆری خەرجییەكانی حكوومەتی بۆ ئەو پرۆژانە تەرخان كردووە، چ ئەو جۆرە پرۆژانەی بەردەوامن و خزمەتگوزارین، لەگەڵ ئەو پرۆژانەی ستراتیژین و كاریگەریان لەسەر گۆڕانكاری شارەكان و ژیانی هاووڵاتییان بۆ بەرەو پێشتر دەبێت.

هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات

بابەتێکی دیكە لە روئیای جەنابی كاك مەسرور بارزانی كە بە بۆچوونی من یەكێكە لە خاڵە زۆر گرنگەكان، ئەویش فراوانكردن و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داراییە، بۆ ئەوەی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا پشت بە داهاتە نەوتییەكان نەبەستن، ئەمەش یەكێك لەو ڕژدیانەی جەنابی سەرۆكی حكوومەت نیشان دەدات، بەوەی دەیەوێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان فرەسەرچاوەی داهاتی هەبێت و بە وردی دەركی بەوە كردووە لە هەرێمی كوردستاندا كە هەرێمێكی دەوڵەمەندە و دەتوانێت لە هەموو ئەو سێكتەر و بوارانەی دیكەی كە هەن، واتە جگە لە نەوت، دەكرێ بە ڕێكخستنەوەی داهاتەكان و كەمكردنەوەی خەرجییەكان و كاركردنێكی زانستی لەسەر ڕێکخستنەوەی داهات لە هەموو بوارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، دەكرێ داهاتی هەرێمی كوردستان چەند هێندە بكرێت، كە تەقریبەن دەركەوتنەكانی ئەو بابەتە ئێستا لە دابینكردنی بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە داهاتی نانەوتییە بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە، واتە زیادی كردووە، جەنابی سەرۆكی حكوومەت ئەمری بە هەموو وەزارەتەكان كردووە کەهەر یەك لە وەزارەتەكان لە لای خۆیانەوە پلانی ڕێكخستنەوەی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی هەبێت، بۆ ئەوەی لە حاڵەتێكدا ئەگەر قەیرانیش وەكوو ئەوەی چەند مانگێك لەمەوبەر لە دابەزینی نرخی نەوتدا بینیمان، ڕووبەڕوومان بووەوە، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی حكوومەت تووشی شڵەژان و كاریگەری ڕاستەوخۆ نەبێت، هەروەها بەو کاریگەرییە نێگەتیڤانەی کە بەهۆی گۆڕانكاری لە نرخەكانی نەوتدا ڕوو دەدەن، بۆ ئەوەی بە جۆرێك خۆمان ڕابهێنین كە بتوانین بەبێ داهاتی نەوتیش، بەڵكوو بە داهاتی نانەوتی بتوانین خۆمان بژیەنین و داهاتەكانمان هەمەجۆر بن، بە تایبەتی كە لە جوگرافیای هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو بوارانەی كە هەرێمی كوردستان پێیەوە دەوڵەمەندە، خاكێكی دەوڵەمەندە و ڕوئیای بەڕێزی وایە کە كار لەسەر ئەو بابەتانە بكەین و خۆمان بەڕێوە ببەین.

پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی و وەبەرهێنان

جەنابی سەرۆكی حكوومەت زۆر بایەخ بە كەرتی پیشەسازی و وەبەرهێنان و كەرتی گەشتوگوزار و بە تایبەتی كەرتی کشتوكاڵ دەدات و دەیەوێ بە كاركردنی زیاتر، ژیانەوەی زیاتری ئەو سێكتەرانە مسۆگەر بکرێت و كارێكی تایبەتی بكات كە ئەویش گرێدراوە بە خاڵی بابەت و پشتبەستنی خەڵكی كوردستان لەسەر خاكەكەی خۆی بۆ ئەوەی كەمتر چاومان لەوە بێت كەلوپەل و كاڵا لە دەرەوەی وڵات هاوردە بكەین، بەڵكوو ڕوئیامان ئەوە بێت بتوانین كوردستان هەم خواستی ناوخۆی كوردستان پڕ بكاتەوە و بەشێكیشی توانای هەناردەكردنیمان بۆ دەرەوەی وڵات هەبێت. هەر لە كەرتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاودا، سەرۆکی حکوومەت بایەخێكی زۆر بە پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو دەدات، بە تایبەتی كە لە ناوچەیەكدا دەژین ناوچەیەكی پڕ كێشەیە، بەشێك لە كێشەكان لە گرتنەوەی سەرچاوەكانی ئاو لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستاندا پەیڕەو دەكرێت، بۆیە بەردەوام هۆشداری و هۆشیاری  و ڕێنمایی دەداتە فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی لەو بوارەدا كار بكەن و سیاسەتێك بۆ دەستگرتن بە ئاو و رێگریكردن لە بەفیڕۆدانی بكرێت، بە هەمان شێوەش گلدانەوەی ئاو، بۆیە ئەو پلانەی بەڕێز سەرۆكی حكوومەت ئێستا لە جێبەجێكردندایە بۆ دروستكردنی بەنداوی بچووك و مامناوەند و دروستكردنی پۆند، هەروەها هەوڵدان بۆ گلدانەوەی ئاوی باران لە زستان و بەهاران لە رێی ئەو بەنداوە بچووكانەوە، ئەمەش دەچێتە خانەی ئەو بایەخدانەی جەنابی سەرۆكی حكوومەت بەو بابەتە، بێجگە لەوەی ڕوئیایان ئەوەیە كاتێك بەنداوێك دروست دەكرێت، جگە لە گلدانەوەی ئاو و بەفیڕۆنەدانی، لە هەمان كاتدا ئەو بەنداوە كاریگەری ژینگەییشی دەبێت و دەكرێ بۆ كشتوكاڵ و بواری گەشتوگوزاریش بەكار بهێندرێت، هەروەها دەكرێ سوود لە دیمەنەكانی ئەو شوێنانە لە بواری گەشتوگوزاردا وەربگیرێت، بۆیە ئێستا چەند پرۆژەیەك لەو بوارەدا هەیە كە بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆكی حكوومەت كاریان تێدا دەكرێت.

ژینگە و پاراستنی سرووشتی كوردستان

خاڵێكی دیكەش لە دیدگای دەوڵەتداری جەنابی كاك مەسرور بارزانی، ڕوئیایەتی بۆ ژینگە، تەماشاكردنی ژینگە و پاراستنی سرووشتی كوردستان، بە تایبەتی كاركردن لەسەر هێشتنەوەی ژینگەی كوردستان بە پاكوخاوێنی، كە ئەو ڕوئیایە جگە لەوەی ڕوئیای جەنابی كاك مەسرورە، بەڵكوو بە هەمان شێوە نەریتێكە و هەر لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی گەورەوە تا جەنابی سەرۆک بارزانی، لەناو بنەماڵەی سەربەرزی بارزاندا دەستاودەست بووە و ڕەنگدانەوەی لەسەر جەنابی كاك مەسرور بارزانیش هەیە، كە وەكو كەسێكی ژینگەدۆست و كوردستانویست دەیەوێ ژینگەی كوردستان پارێزراو بێت، هەروەها لە بابەتی بایەخدان بە سەوزكردنی شارەكان و پاراستن و زیادكردنی ڕووبەرە سەوزاییەكان لە هەرێمی كوردستان.

لەسەر ئەو بابەتە دەمەوێ چەند نموونەیەك باس بكەم، ئەویش: ئێوارەیەك جەنابی كاك مەسرور بارزانی پەیوەندی كرد، نیگەران بوو لەوەی كە هەواڵێكی لەبارەی گۆمی فێڵاوی ناوچەی باڵەكایەتی خوێندبووەوە، لە هەواڵەكەدا باس لەوە كرابوو كە دەیویسترێت پرۆژەیەكی گەشتوگوزاری لەسەر گۆمەكە دروست بكرێت، جەنابیان بەو هەواڵە نیگەران بوو، فەرمووی: ئەو شوێنە شوێنێكی سرووشتی و خۆڕسكە، جوانییەكەی لەوەدایە بەو شێوەیە لەناو هەرێمی كوردستاندا هەبێت، بۆیە ڕێنمایی جەنابی سەرۆكی حكوومەت ئەوە بوو کە ئەو شوێن و جوانییە خۆڕسکانە وەكوو خۆی بمێنێ و نابێت دەستكاری بكرێت.

چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك

لەوانەش گرنگتر كاتێك داوای لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد كە پرۆژەیەك بۆ چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی شاری هەولێر دابنێین، دوای لێكۆڵینەوە و ئامادەكردنی دیراساتی زانستی و دوای شیكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی هەولێر، كاتێك چووینە خزمەتی، چەند ئۆپشنێكمان خستە بەردەستی، ئۆپشنێك بە ستانداردێكی نێودەوڵەتی و كواڵێتییەكی بەرز، بە هەمان شێوە گوتمان ئێمە دەزانین كە بارودۆخی داراییی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چۆنە، بۆیە با بژاردەی دیكەش لەبەردەستدا هەبێت، ئۆپشنێكی مامناوەند و هەروەها ئۆپشنێكیش كە ستانداردە نێودەوڵەتییەكان رێگەی پێدەدات. بەڵام جەنابی كاك مەسرور بارزانی ڕازی نەبوو کە شتێكی كەمخەرجی، ئەگەرچی رێگەپێدراویشە، هەروەها ڕازیش نەبوو بە ئۆپشنێكی مامناوەند كە رێگەپێدراویشە جێبەجێی بكەین.

چونکە کاک مەسرور ڕوئیای بەو شێوەیەیە كە خاكی كوردستان، ئەو خاكەی كە ساڵەهای ساڵە قوربانی بۆ دەدرێت و خوێنی بۆ دەڕێژرێت، ژینگەی كوردستان و هاووڵاتییانی كوردستان كە لەسەر ئەو خاكە دەژین، پێویستە كارگەیەك چارەسەری خۆڵ و خاشاكەكەی بكات، بە گوێرەی ستانداردی نێودەوڵەتی بێت و خەرجییەكانیش بە هەر شێوەیەك بن، دەبێ دابین بكرێت و لە شتی دیكە كەمخەرجی دەكەین، بەڵام لەو بابەتە دەبێ خەڵكی كوردستان كارگەیەكی چارەسەركردنی خاشاكیان هەبێت كە بە تایبەتمەندیی نێودەوڵەتی بێت و كاریگەری ژینگەیی لەسەر خاكی كوردستان و لەسەر ئاوی ژێر زەوی و هەوا دروست نەكات، لە هێنانەوەی ئەو نموونانەدا، مەبەستم چییە؟ مەبەستم ئەوەیە، ئەو ڕوئیایەی جەنابی سەرۆكی حكوومەت بۆ كاركردن لەو بوارانە زیاتر بەدیار بخەم، كە چەند ورد و بە تەفاسیل، چەند بە دیدگایەكی دوورخایەن تەماشای بابەتەکان دەكات.

گرنگیدان بە ڕەگەزەكانی نەتەوە

هەروەها خاڵێكی دیكەش بە گرنگ دەزانم باسی بكەم، ئەویش گرنگیدانی جەنابی كاك مەسرور بارزانییە بە ڕەگەزەكانی نەتەوە و نەتەوایەتی، هەستی نەتەوەیی، راستە ڕێزگرتنی بابەتی پێكەوەژیانی هەموو ئایین و نەتەوەكان، ئایینەكان، مەزهەبەكان و كاركردن لەسەر ئەو بابەتانە لە ئەولەویاتی کار و بەرنامەی بەڕێزیانە. بەڵام گرنگیدانیش لە هەمان كاتدا بە ڕەگەزەكانی نەتەوە و نەتەوایەتی، بایەخدان بە زمانی زگماك و بە فەرهەنگ و كولتوور و بۆنە نەتەوەییەكان و پۆشینی جلوبەرگی كوردی، لەو بۆنانەی پێویستن بەردەوام ئەو پەیامانە دەگەیەنێت كە وابەستەیە بە ڕەگەزەكانی نەتەوە، وانە و پەیام لەو بوارەدا دەگەیەنێت.

نموونەیەك لەبارەی بایەخدانی جەنابی كاك مەسرور بارزانی بە زمانی كوردی باس دەكەم، كاتێك پرۆژەیاساكان دەنووسرێنەوە، پێش ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بكرێن، دەهێندرێنە ئەنجوومەنی وەزیران، یاساییەكان پرۆژەیاساكان بە زمانی یاسایی دەنووسنەوە، جاری یەكەم بوو لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، پرۆژەیاسایەكیان هێنا بەو زمانە نووسرابوو، گفتوگۆ كرا و ئەوەبوو جەنابی سەرۆكی حكوومەت گوتی: پرۆژە یاسا دەبێ بە زمانی كوردی بێت و لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بكرێ، وەكوو زمانێكی فەرمی، یاساییەكان با دواتر گفتوگۆ لەسەر كەلێنە یاساییەكان بكەن، بەڵام ئەركی ئەنجوومەنی وەزیرانە بە زمانی كوردی گفتوگۆی پرۆژەیاساكان بكات.

پرۆسەی خوێندن و خوێندنی باڵا

خاڵێكی دیكەی بایەخدانی جەنابی كاك مەسرور بارزانی بە پرۆسەی خوێندن و خوێندنی باڵا و بەرزكردنەوەی بەها و كوالێتی خوێندنی حكومی و كەشوهەوا و ژینگەی قوتابخانە حكومییەكانە، رێزگرتن لە ڕۆڵ و پێگە و كەسایەتی مامۆستایان كە ڕۆڵیان لە پەروەردە و ئایندەی نەوەكانی ئایندەمان و ئایندەی ئەو وڵاتەیان بۆ دروست دەكەن، بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە خەمخۆرە و چەند جارێك لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بە دیاریكراوی باس دەكات كە پێویستە تاوەكوو ئایندەیەكی نزیك و دیاریكراو پلانمان هەبێت و بتوانین ژمارەی دیاریکراو و  پێویست دروست بكەین بۆ ئەوەی بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان هەر قوتابخانەیەك ژمارەی پێویستی قوتابیانی تێدا بێت.

داكۆكیكارێكی سەرسەخت لە مافە ڕەواكان

سەرۆکی حکومەت، لە بواری داكۆكیكردن لە خاك و میللەت، داكۆكیكار و پێداگیریكارێكی سەرسەختە لە مافە ڕەواكانمان و سازشنەكردن بەرانبەر ئەو مافانە، وەك نموونە: لەگەڵ عێراق لەبارەی بابەتی شایستە داراییەكان و ئەو بڕەی کە پێویستە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێن، جەنابی كاك مەسرور بەردەوام ئەو ڕێنماییە دەدات كە ئەوە خێرپێكردن نییە كە بەغدا هەر شایستە داراییەكی هەرێمی كوردستان دەنێرێت، بەڵكوو مافی خۆمانە، خەباتی میللەتی كورد و خەڵكی كوردستان بۆ مووچە نەبووە، ئەوە دوژمنان و داگیركەران و ناحەزانی كوردستانن دەیانەوێ داخوازییەكانی خەڵكی کوردستان تەنیا لە مووچەدا كورت و بچووكی بكەنەوە، نەخێر داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان، پێكەوەژیان و ژیانێكی سەربەرزانەیە، سوودوەرگرتنی حەقی خۆمانە وەكوو ئەوەی لە بەغدا و هەر شارێكی دیكەی عێراقدا سوود لە سەروەت و سامانی عێراق وەردەگیرێت، مافی كوردستانیش ئەوەیە بەو ڕێژەیەی پێویستە بیدرێتێ، بەردەوام لە بارودۆخە هەرە سەخت و ناخۆشەكاندا هەرگیز سازشی نەكردووە و ناكات و بەردەوام داكۆكی لەو بابەتە كردووە، تەنانەت كە شاندەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە دەچوونە بەغدا ئەو بەردەوام لە كۆبوونەوە و بە پەیوەندی تەلەفۆنی ئەو بابەتەی لەگەڵ گفتوگۆ دەكردن و ڕێنمایی پێدەدان، ئەمەش خەسڵەتێكی گرنگە لە كەسی دەوڵەتداردا كە بەردەوام داكۆكیكاری مافەکان بێت.

ڕوئیای مەسرور بارزانی بۆ میدیا و ئازادیی ڕۆژنامەنووسی

ڕوئیای تایبەتی جەنابی مەسرور بارزانی بۆ بابەتی میدیا و بۆ ڕۆڵی میدیا و ئازادیی كاری ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە و ڕۆڵیان لە بەدیارخستنی كەموكوڕییەكان و ڕێزگرتن و لەبەرچاوگرتنی داواكارییەكانیان بە هەمان شێوەی ئەو ڕەخنانەیشی كە ئاراستەی دامودەزگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێن، زۆر جیدییە و چاودێری دەكات و كە هەر ڕۆژنامەنووسێك خەلەلی دەزگایەكی حكوومەت بڵاو بكاتەوە بە هێندی وەردەگرێت ، چ بەڕێزیان یان لە رێی نووسینگەكەی یان لە رێی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و سكرتاریەتی ڕاگەیاندنی بەردەوام ئەو رەخنانەی میدیا و میدیاكاران بە دواداچوونی بۆ دەکرێت و کەموکوڕییەکان ڕاست دەکرێنەوە.

هەندێ لە خەسڵەتەكانی دەوڵەتداری

جگە لەو بابەتانە بە پێویستی دەزانم باس لە هەندێك خەسڵەتە گرنگەكانی كەسی دەوڵەتدار بكەم، كە ئەو سیفەتانە زۆر لە كەسایەتی بەڕێزیاندا هەیە، بەڕێزیان كەسێكی وردە و گرنگیی بە وردەکاری دەدات و دێتە ناو وردەكارییەكانەوە و بابەتەكان بەهێند وەردەگرێت، هاوكات بەدواداچوونیش دەكات، زۆر گرنگە بۆ كەسێك لە ئاستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمێكدا بێت، سەرەڕای ئەو هەموو کارە، سەرەڕای ئەو هەموو قەیران و گرفتانە، سەرەڕای ئەو هەموو ناخۆشی و بێ داهاتی و پەتا و ئەو ناخۆشیانە لە هەموو لایەكەوە بەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی گرتووە، بەڵام ئەو كاتی زۆر گرنگی بۆ کارکردن هەیە و پلانەكان موناقەشە دەكات و دێتە ناو وردەكارییەكان، كە دێتە ناو وردەكارییەكانیشەوە بەدواداچوون دەكات و بەردەوام دەیەوێ بزانێت کارەکان بە کوێ گەیشتوون و دەگاتە چ ئەنجامێك.

بەڕێزیان زۆر دووربینە لە بڕیاردان و ستراتیژیانە بیر دەكاتەوە، خەسڵەتێكی زۆر گرنگی ئەوەیە، گوێگرێكی باشە و پشوودرێژە لەگەڵ بەرانبەرەكانی، ئەمە سەرەڕای جیاوازی بیروڕا، بەڵام دەبینین لە ئیدارەدانی كۆبوونەوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، كە حكوومەتێكی ئیئتیلافیە و چەند لایەنێكی سیاسی تێدایە و زۆر جار بیروبۆچوونی جیاوازیش هەیە، بەڵام ئەو بەردەوام لە سەرەوەی ئەو جیاوازییانەیە و ئیدارەیەكی زۆر باش و زۆر سەركەوتوو و حكوومەتییانەی كارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران دەكات.

ئەو، بڕوای بە هاوكارەكانی هەیە و دەسەڵاتیش دەدات، دەیەوێت مومارەسەی ئەو دەسەڵاتانە بكرێت، مەركەزی نییە و دەیەوێ هەر كەسە و لە شوێنی خۆیدا بتوانێت سەركردایەتی و كار بكات، لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیدا زۆر پشوودرێژ و لە هەڵگرتنی ئەرك و بەرپرسیارێتییەكاندا زۆر جیدییە و بەرگەگرتنی لەبەردەم قەیرانەكان و بەرپرسیارێتیی هەڵگرتن و تێپەڕاندنی قەیراندا چەند بە بڕوا و متمانەیە، وەك بینیتان لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا چەند قەیرانی گەورە بەهۆی خۆڕاگری و بڕوابوونی ئەوەوە تواندرا تێببەڕێندرێن.

هەروەها دوور لە نێوەندگیری پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ هەموو توێژەكاندا هەیە، بەڵكوو راستەوخۆ خۆی پەیوەندی هەیە و گوێ لە خەڵكی دەگرێت، بڕوای بەوەیە هاووڵاتییان چەقی خزمەتن و كارەكانی هەموو لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكدایە، لێرەدا نموونەیەك دەهێنمەوە: لە سەردەمی كۆرۆنادا كاتێك كە بڕیار درا كەرەنتینە رابگەیەندرێت، لە راستییدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیانێكی زۆری لە داهاتەكانی كرد، بەڵام لەبەر ئەوەی هاووڵاتییان لای جەنابی كاك مەسرور چەقی بایەخدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، لەپێناو پاراستنی گیانی خەڵكیدا قوربانی بە داهاتەكان دا.

پەیوەندی حکوومەت و پەرلەمان

 لەبارەی پەیوەندی بەڕێزیان لەگەڵ پەرلەمانی كوردستانیش، ئەو پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ پەرلەماندا هەیە، چونكە بڕوای بەخۆی و هەم بە كاروبارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرنامەکەی هەیە. بۆیە لەگەڵ پەرلەماندا هەماهەنگییەکی زۆر باش هەیە، زانراوە لە مێژووی 30 ساڵەی حوكمڕانێتی لە هەرێمی كوردستان یەكەمجارە ئەوەندە شاندەكانی حكوومەت بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن و وەزیرەكانی حكوومەتیش بە بڕواوە بچنە پەرلەمان. تەنانەت سەرۆکی حکوومەت خۆی لە دانیشتنێكی گرنگی چەندین كاتژمێریدا بەرانبەر پەرلەمان دانیشت و گوێی لە هەموو پرسیارەکان گرت و وەڵامی هەمووشیانی دایەوە.

دیپلۆماسیەت و نوێنەرایەتی دۆزی میللەت

دەمەوێت چەند خاڵێكیش لە بواری دیپلۆماسییەتی جەنابی كاك مەسرور باس بكەم. گرنگترین خەسڵەت بۆ هەر كارەكتەرێك كە كاری دیپلۆماسی دەكات، ئەوەیە، بە تایبەتی لەو پێگانەی نوێنەرایەتی دۆزی ئەو میللەتانە دەكەن كە بێدەوڵەتن، كارەكتەری دیپلۆماسی کە ئەو نوێنەرایەتییە دەکات زۆر گرنگە كە بڕوای بەخۆی بێت و بڕوای بەو قەزیەیە هەبێت كە نوێنەرایەتی دەكات. كاتێك تەماشا دەكەین جەنابی كاك مەسرور بارزانی لەو بوارەدا زۆر بە بڕوا و متمانەیە، هەم بڕوای بەخۆیەتی و هەم بڕواشی بەو قەزیەیە هەیە كە نوێنەرایەتی دەكات، دەبینین لە هەموو ئەو ئاستانەی كە ئیشی تێدا كردوون، چ لەو سەردەمەی كە ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بوو، لە دیدار و چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان، یان لەو دوو ساڵەی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، لە سەردانەكانیدا بۆ دەرەوە، پێشوازیكردنی لە  ئاستی سەرۆكی وڵاتان و بەرگریكردن لە قەزیەی هەرێمی كوردستان، لەو میوانانەی دێنە هەرێمی كوردستانیش بە هەمان شێوە دەبینین ئەو خەسڵەتە زۆر بە ڕوونی رەنگی داوەتەوە، ئەو تۆڕە پەیوەندییە فراوانە نێودەوڵەتییەی كە بەڕێزیان هەیەتی، بەردەوامە و كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە.

وەكوو پێشمەرگەیەك لە بەرەكانی جەنگدا

ئەو كاتەی كوردستان ڕووبەڕووی هێرشی داعش ببووەوە، بینیمان جەنابی كاك مەسرور بارزانی وەكوو پێشمەرگەیەك و هاوكارێك لە خزمەت مەرجەع و ڕابەرمان، سەرۆكی خۆشەویستمان جەنابی سەرۆك بارزانی بوو، لە هەموو ئەو شوێنانەی جەنابی سەرۆك بارزانی ئامادەیی تێیاندا هەبوو، كاك مەسرور بارزانیش لەو شوێنانە بوو لە قیادەكردنی شەڕەكان و بەرگریكردن لە هەرێمی كوردستانیش ڕۆڵی بەرچاوی بینی، ئەو لە بەرەكانی جەنگدا بەرگریكارێكی سەرسەختی گەل و خاكی كوردستانە.

سەبارەت بەو دوو ساڵەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، دوو ساڵی قورس و ناخۆش و پڕ ئەزمەمان بەڕێ كرد، بەڵام بە سوودوەرگرتن و وانە وەرگرتن لە خۆڕاگریی كاك مەسرور بارزانی و شاندانەبەر بەرپرسیارێتییەكان و بە ڕژدبوونی بۆ سەرکردایەتیکردن و تێپەڕاندنی قەیرانەكان، حکوومەت توانی نەوەك لەو دوو ساڵە پڕ ئەزمەیە تەنیا خۆڕاگر بین، بەڵكوو بە سەركەوتوویش تێیپەڕێنین و دەستكەوتیشمان هەبێت.

پێویستە بە ویژدانەوە تەماشا بكەین كە سەرەڕای ئەو قەیرانە گەورەیە، یەك ڕۆژیش خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان لە هیچ شارێكی هەرێمی كوردستاندا نەوەستان، ئەمەش دەلالەتی ئەوەیە ئەم حكوومەتە و ئەو خەڵكەی پشتیوانی ئەو حكوومەتە دەكەن، ئەو هێزە سیاسییە سەرەكییەی لەپشت راگرتنی ئەو حكوومەتەوەیە، بڕوای بەخۆی و بە قەزیەكەی و بەدواڕۆژ و ئایندەی ئەو میللەتە هەیە، بەڵێ بڕوامان بە خۆمان و بە ئیرادەی سیاسیی سەركردایەتی خۆمان هەیە كە دەتوانین بگەینە كەنارێكی ئارامتر.

 

*وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار