خەڵکی رووسیا بە لێشاو روو لە بنکەکانی وەرگرتنی ڤاکسین دەکەن

شەپۆلێکی کوشندەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرۆکی رووسیا گرتووە
kurdistan24.net

K24 - مۆسکۆ

ماوەی زیاتر لە پێنج هەفتەیە شەپۆلێکی کوشندەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەرۆکی رووسیا گرتووە، بەشێوەیەک رۆژ دوای رۆژ، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەکە گیان لەدەست دەدەن بەرز دەبێتەوە و ریکۆردی نوێ تۆمار دەکرێت، تائێستا 144 هەزار و 492 کەس بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بۆ بەرگرتن بەم شەپۆلە و بنەبڕکردنی ڤایرۆسەکە، حکومەت چەندین بنکەی دیکە پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنای کردەوە، کە رۆژانە زیاتر لەنێو ملیۆن کەس ڤاکسین وەردەگرن، ئێستا زیاتر لە 48 ملیۆن کەس پێکوتەی کۆرنایان وەرگرتووە.

لە بنکەی گەستینی دڤۆری مۆسکۆ، کە یەکێکە لە بنکەکانی وەرگرتنی ڤاکسین، خەڵک بە لێشاو رووی لە بنکەکە کردووە، بۆ ئەوەی خۆیان و دەوروبەرەکەیان لە هەڕەشە و مەترسییەکانی کۆرۆنا بپارێزن.

مامۆستایەکی زانکۆ کە لەو بنکەیە بوو بە کوردستان24ی گوت: "هەلومەرجەکە بە جۆرێکە کە پێویستە پێکوتە وەربگرین، هەندێک باوەڕیان بە کاریگەری ڤاکسین هەیە و هەندێ باوەڕیان پێی نییە، من وەک خۆم بڕیارمدا کە ئەو هەنگاوە بنێم و ڤاکسین وەربگرم، لێرە ئیشەکان زۆرباش و خێرا دەچنە پێشەوە، هاتم فۆڕمی زانیاریم پڕکردەوە، لەگەڵ پزیشکی تایبەت راوێژم کرد لە مەڕ وەرگرتنی، پاشان هاتم پێکوتم وەرگرت، من مامۆستای وەرزشم لە زانکۆ، رێکارەکان ناچارمان دەکەن کە پێکوت وەربگرین، بۆ ئەوەی ژیانی خۆمان و دەوروبەرمان پارێزراو بێت. ئێستا هەستم باشە، گرنگ ئەوەیە کە پاش ساڵێک و دوو ساڵ تەندروستیمان باش و بەرگری لەشمان بەهێز بێت".

ئێڤگێنیا، لە باخچەیەکی ساوایانی مۆسکۆ کاردەکات، وەک خۆی دەڵێت "سەرەتا ترس و دڵەراوکێی هەبووە، بەڵام بە وەرگرتنی دۆزی یەکەمی ڤاکسینەکە دڵخۆشە".

دەشڵێت: "من بەهۆی کارەکەمەوە کە بەردەوام لەگەڵ منداڵان لە پەیوەندیدام،  بەپێی رێنمایی نوێ دەبێت پێکوتم وەرگرتبێت، لێرە کارەکان بەخێرایی دەچنە پێش من کە هاتمە ئێرە بەزوویی ناوم تۆمارکرد، لە ماوەی پێنج خولەکدا باقی کارەکانم رایی بوون و پێکوتم وەرگرت، دەرزییەکە ئازاری نییە و هیچ هەستێکی نامۆم نییە و  باشم،  سەرەتا من دوودڵ بووم وامزانی  دەبێت لە سەرە بوەستم و ئازاری هەیە و  پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، بەڵام هەموو شتێک ئاسان و خێرا دەچێتە پێش و ئاسودەم".

ئەو بنکەیە 150 مەتر لە کۆشکی کرێملەوە دوورە و تازە کراوەتەوە، رۆژانە لە کاتژمێر 8:30 بەیانی تا 8ی ئێوارە پێشوازی لەو هاونیشتیمانیانە دەکات، کە دەخوازن ڤاکسین وەربگرن. د. ئەندرێی ئەلیکساندەرەڤیچی بەڕێوەبەری بنکەکە بۆ کوردستان24 ئەوەی خستەروو، ڤاکسینەکە بێ بەرانبەرە و تەنها هەڵگرانی پاسپۆرتی رووسی دەتوانن وەریبگرن.

د. ئەندرێی ئەلیکساندەرەڤیچی، دەڵێ: "ئێمە ئێستا لە یەکێک لە ناوەندە گەورەکانی کوتانین لە سەرانسەری ئەورووپادا، کە رۆژانە 7 هەزار هاووڵاتی لێرە پێکوت وەردەگرن، ناوەندەکە لە سێ بەش پێکهاتووە، سەرەتا پڕکردنەوەی فۆڕمی زانیاری، پاشان راوێژی پزیشکی، لە کۆتایشدا زۆنی کوتان، دواتر شوێنی چاوەڕوانی هەیە بۆ دڵنیابوونەوە لە رەوشی تەندروستیان، لەم هەلومەرجەدا تەواوی رێکارە تەندروستییەکان رەچاوکراون، هەموو رێوشوێنێک گیراوەتەبەر، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ئاسودە بن، پڕۆسەی کوتانەکە کاتێکی کەم دەخایەنێت، ئارەزومەند گەلێک زۆرن لە گەنجەوە هەتا پیر دێنە ئێرە. لێرە پێکوتی سپوتنیک ڤی و سپوتنیک ڵایت هەن، یەکەمیان بۆ ئەوانەیە کە یەکەمجارە خۆیان دەکوتن، دووەمیش بۆ ئەوانەی کە جاری دووەمە خۆیان دەکوتن".

لەگەڵ تەشەنەسەندنی شەپۆلی سێیەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رووسیا هەوڵ و هەنگاوەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ کردنەوەی بنکەی زیاتر بۆ پێدانی پێکوتی کۆرۆنا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوون و مردن و بنەبڕکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رووسیا. بەپێی دوایین ئامار لە تەواوی رووسیا 48969266 کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە، کە دەکاتە 33.37 %ی تەواوی دانیشتوانی رووسیا.