بافڵ تاڵەبانی لەسەر گۆڕی باوکی پەیامێک بڵاودەکاتەوە

"بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە"
بافڵ تاڵەبانی - لەسەر گۆڕی باوکی
بافڵ تاڵەبانی - لەسەر گۆڕی باوکی

K24 – هەولێر

بافڵ تاڵەبانی، پەیامێک لەگەڵ وێنەیەکی لەسەر گۆڕی مام جەلال تاڵەبانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەکاردەھێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و یەکێتییەکەمان دەجووڵانەوە".

لە پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی هاتووە: "بەپیلان و بەرنامە رێگری لە دامەزراوەکانی حکومەت دەکرا تاوەکو کار و پڕۆژەکانیان جێبەجێنەکەن. قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن، ھەڕەشە و سیخوڕیکردن کرا بە بەرنامە. دواجار گلەیی و گازندەی کۆمەڵانی خەڵک، نووسەران، رۆژنامەنووسان، رۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ و دڵسۆزان و ناوەندە دیبلۆماسییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان ھەمووی بەھەند وەرگیران و بڕیارە دروستەکەمان دا لەبەرامبەر یاساشکێنان".

بافڵ تاڵەبانی، لەسەر گۆڕی باوکی وێنەیەکی گرتووە و خۆی وەک سەرۆکی یەکێتی ناساندووە، نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لەسەر مەزارەکەت بەڵێن دەدەین یەکێتی ئەمانەتە و بە گیانمان دەیپارێزین. جەخت دەکەمەوە داھاتووی یەکێتی پرشنگدارتر دەبێت و ھیچ کەس حەدی نییە و زاتی ئەوە ناکات جارێکیتر سیخوڕ نەک بخاتە ناو ماڵی مام جەلال بگرە لەناو کۆمەڵانی خەڵک و دامەزراوەکانی حکومەت و رێگەنادرێت ئەم کارە نەشیاوانە بکرێن و دەبێت لەمەودوا دامەزراوە ئەمنییەکان و دەزگای زانیاری لەخزمەت ئاسایشی ھەرێم و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و فەراھەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بێت بۆ کاروکاسبی و ژیانی ھەمووان".

دەقی پەیاماکەی بافڵ تاڵەبانی:

باوکە گیان رێنیشاندەر و رابەری مێژووییمان

ئەمڕۆ ھاتوومەتە حزورت تا لەنزیکەوە خۆم راستییەکانت پێبگەیەنم و دڵنیات بکەمەوە لە پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنم لەبەرامبەر پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و ئەمانەتی خوێنی شەھیدان، رەنج و ماندووبوونی پێشمەرگەی دێرین، تێکۆشەرانی رێگای خەبات و زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر و قوربانیدانی کۆمەڵانی خەڵک.

دواجار بەناچاری دوای ھەوڵی بەردەوامم و کۆشش لەپێناو یەکێتییەکەمان و پارێزگاری لە رێبازی راست و رەوان و بەڕاوێژ لەگەڵ سەرکردە تێکۆشەرەکان و خەمخۆرانی یەکێتی راستەقینە بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەکاردەھێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و یەکێتییەکەمان دەجووڵانەوە. لەکاتێکدا کارمەندانی ئەو دەزگایانە خەڵکانی تێکۆشەر و دڵسۆزبوون بەڵام بەمەبەست ئەم کارە دزێوانەیان پێئەنجام دەدرا. دەست خرابووە بینەقاقای کاروکاسبی کاسبکاران و سەرمایەداران. بەپیلان و بەرنامە رێگری لە دامەزراوەکانی حکومەت دەکرا تاوەکو کار و پڕۆژەکانیان جێبەجێنەکەن. قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن، ھەڕەشە و سیخوڕیکردن کرا بە بەرنامە.

دواجار گلەیی و گازندەی کۆمەڵانی خەڵک، نووسەران، رۆژنامەنووسان، رۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ و دڵسۆزان و ناوەندە دیبلۆماسییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان ھەمووی بەھەند وەرگیران و بڕیارە دروستەکەمان دا لەبەرامبەر یاساشکێنان.

ئەمڕۆ لەسەر مەزارەکەت بەڵێن دەدەین یەکێتی ئەمانەتە و بە گیانمان دەیپارێزین. جەخت دەکەمەوە داھاتووی یەکێتی پرشنگدارتر دەبێت و ھیچ کەس حەدی نییە و زاتی ئەوە ناکات جارێکیتر سیخوڕ نەک بخاتە ناو ماڵی مام جەلال بگرە لەناو کۆمەڵانی خەڵک و دامەزراوەکانی حکومەت و رێگەنادرێت ئەم کارە نەشیاوانە بکرێن و دەبێت لەمەودوا دامەزراوە ئەمنییەکان و دەزگای زانیاری لەخزمەت ئاسایشی ھەرێم و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و فەراھەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بێت بۆ کاروکاسبی و ژیانی ھەمووان.

بەڵێن بێت... بەڵێن لەئاست گەورەیی یەکێتی و سەروەری خاکی ھەرێم بم بۆ پارێزگاریکردن لەمافەکانی خەڵک و بەرژەوەندی گشتی و یەکێتییەکان و تێکۆشەران و کەسوکاری شەھیدان.

بافڵ تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان