سیاسەت ئەزمون و مەعریفەیە

Kurd24

سیاسەت بە حەماسی گەنجایەتی ناکرێت، سیاسەت وەرگرتنی بڕیار و بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگە و رێکخستنی پەیوەندی نێوان حاکم و مەحکومە، هەروەها هونەری بەدەستهێنان و ملکەچبوونی واقعی سیاسی و گۆڕینی لە رێگای بابەتییەوە و چارەسەرکردن و لێکۆڵینەوەی کێشەکانە، بە کۆمەڵێك ئایدیا و رێگای واقعی، کە دوور بێت لە حیساباتی هێز و بەکارهێنانی سەربازی.

سیاسەت لە رێگای کەڵەکەبوونی ئەزموون و هەبوونی مەعریفەیەکی فروان سەرکەوتووتر دەبێت، لەوەی تەنها پشت بە حەماسەتی گەنجایەتی و خوێنی تازە ببەستی، مێژووی سیاسی گەلان پڕن لەو ئەزموونانەی کە حەماسی گەنجایەتیی کۆمەڵێك کەسی تازەی ناو سیاسەت، وڵات و کۆمەڵگەکەیان وێران کردووە، نموونەی دەوڵەتی عوسمانی، دەبینین دوای وەرگرتنی دەسەڵات لە لایەن کۆمەڵەی لاوی تورکیا کۆمەڵێك گەنج بوون، چییان بەسەر ئەو وڵاتە هێنا، بە تایبەتی دوای وەرگرتنی دەسەڵات لە لایەن هەرسێ گەنج، انوه‌ر پاشا، تەلعەت و جمال پاشا، کە بە سێ پاشایەکە دەناسرێن، حەماسی گەنجایەتی وای لێکردن، دەوڵەت ناچار بکەن لە جەنگی یەکەمی جیهان بدەنە پاڵ دەوڵەتی ئەڵمانی و ببنە بەشێك لەو شەڕە، سەرەنجام ئەڵمانەکان و هاوبەشەکانی شکان و خۆیان و دەوڵەتەکەیان لە ناوچوون، ئەم سێ گەنجە جگە لە حەماسەتی ئایدۆلۆژیای نەتەوەیی، هیچی تریان لە بارەی واقعی سیاسی نەدەزانی، سەرسام بوون بە بیری نەتەوەیی ئەڵمانی کە تازە چەکەرەی کردبوو، پێیانوابوو دەبێت هەموو جیهان ملکەچی ئایدیا و دەسەڵاتی ئەوان بێت، ئەگەر خەلیفەی عوسمانی دەسەڵاتی هەبوایە، بەهیچ شێوەیەك نەدەچووە ناو ئەو جەنگە و نەدەبووە بەشێك لە وڵاتانی میحوەر.

ئەوەی ئەمڕۆ لە سلێمانی دەگوزەرێ، بەشێکی زۆری پەیوەندی بەو حەماسەوە هەیە، ئەو گەنجە تازانەی سیاسەت بەڕێوەدەبەن و پێیانوایە جگە لە خۆیان هیچ کەسی تر ناتوانێ ئیش و کارەکان بەڕێوەببات، هیچ حیساب بۆ ئەزموونی سیاسیەکانی پێش خۆیان ناکەن، بە سوا و بەسەرچوو دەیانناسێنن، سیاسی ئەزمووندارئەگەر هەڵەش بکات لە نیوەی رێگا دەگەڕێتەوە و نایگەیه‌نێتە خاڵی نەگەڕانەوە، بەڵام حەماسی گەنجایەتی مەترسیدارە، خۆی و کۆمەڵگەکەش دەخاتە بەر مەترسی گەورە و ناتوانێت واقع وەك ئەوەی هەیە ببینێ، حەز و ئارەزووەکانی ئەوەندە بێ سنوورن، ئامادەیە لە پێناویاندا وڵات وێران بکات، لەمەش کارەساتبارتر ئەوەیە، هەڵەکانی نابینێ و بە پیلانگیڕی و دەستی دەرەکی دەیزانێ، هەڵەکانی دەخاتە ئەستۆی نەیارانی و دەست دەبات بۆ گوتاری حەماسی پۆپۆلیستی، هەموویان تاوانبارن جگە لە خۆی نەبێت، ئاخر هەرکەسێك بێنی ئەلف و بای نەك سیاسەت، بەڵکو ئەلف و بێی ژیان تێبگات، دەزانێت دوو سەرۆك بۆ یەك حیزب کارەساتە و لەگەڵ خۆیشیدا کارەسات بۆ حیزبەکە و خەڵکەکەش دروست دەکات، ئەم ئەزموونەی ئەو گەنجانەی یەکێتی دوای توڕهەڵدانی سیاسییە ئەزمووندارەکانی خۆیان و خەڵکانی شۆڕشگێڕی ناو حیزبەکەیان، زۆر بێ هاوتایە لە نێو دنیای سیاسەت و حیزبایەتی، هەموو کەسێك جگە لە خۆیان، دەیانزانی ئەو مۆدێلە نەك هەر سەر ناگرێ، بەڵکو دەبێتە کارەسات بەر لە هەموو کەسێك بۆ خۆیان، چەپڵە بۆ سیاسی گەنج وێرانکەرە، کۆمەڵگەی ئێمە زۆری کۆمەڵگەی چەپڵەیە، بەبێ لێکدانەوە و تێگەیشتن چەپڵە لێدەدات، وەک چۆن بینیمان پەرلەمانتاران چەپڵەیان بۆ وەزیر لێدەدا، لە کاتێکدا قسەیەکی زۆر نایاسایی لەسەر مینبەری دانانی یاسا کرد، بەبێ بیرکردنەوە لە قسەکانی .

پێویستە کەسی سیاسی زۆر ئاگای لە چەپڵەی خەڵك بێت، ئەگەرنا بەرەو هەڵدێری دەبەن، ئەو گەنجەی ناو یەکێتی دەهات لە سلێمانی و نێو کۆمەلێك لایەنگیری خۆی، جنێوی بە داروبەرد و ئاسمانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدا، بۆ ئەوەی هەندێك چەپڵەی زیاتر بەدەست بێنێت، ئەو سیاسەت بە جنێو تێگەیشت بوو، نەك بەڕێوەبردنی کاروباری خەڵك و دابینکردنی کەشی ئارام بۆ کۆمەڵگە، هەرکەسێك سیاسی و سەرکردە بێت، دەزانێت بۆ ئەم قوناغە و لە داهاتووشدا پەیوەندی باشی پارتی و یەکێتی لەسەر بنەمای چەسپاندنی هێزی دامەزراوەکان چەند پێویستە بۆ ئەمن، ئارامی و چەسپاندنی ئەو ئەزموونە، بەڵام ئەو بە پێچەوانەوە، لە پێناو بەرژەوەندییە ئابووری و حەزو ئارەزووەکانی بۆ چەپڵە و وەرگرتنی دەسەڵاتی یەکەمی حزبەکەی، تا دەهات هەوڵی وێرانکردنی ئەو پەیوەندیانەی دەدا و پێگەی کەسی خۆی لەسەر حیسابی هابەشەکەی قایمتر دەکرد، پێیوابوو بە کۆنتڕۆڵکردنی میدیاکاران و ترساندنیان، رێگای بۆ تەخت بێت .