لەئێران بەھۆی كەم ئاوی خۆپیشاندان دەستیپێكرد

خۆپیشاندەران داوا دەكەن ئاوی رووباری ناوچەكانیان بۆ شوێنی دیكە نه‌گوازرێتەوە

K24 - هه‌ولێر:

قەیرانی كەمی ئاو ھاووڵاتیانی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستانی نیگەران و تووڕە كردووە، ئەو نیگەرانییە لە پارێزگای خوزستان تەقییەوە و ھاووڵاتیان دەستیان بە مانگرتن و خۆپیشاندان كرد، ھەندێك رێگەی سەرەكی داخراون و خۆپیشاندەران داوا لە حكومەت دەكەن، ئاوی پێویستیان بۆ دابین بكات و ناشیانەوێت ئاوی رووبارەكانی ناوچەكانیان بۆ شوێنی دیكە بگوازرێتەوە.

كەم ئاوی خەڵكێكی زۆری لە ئێران تووڕە كردووە، لەكۆتاییدا ئەو گلەیی و نیگەرانییانەی ھاووڵاتیان لە رێگەی راگەیاندنەكانەوە باسیان دەكرد، شەوی پێنجشەممە لە چەندین شاری پارێزگای خوزستان تەقییەوە، خەڵكێكی زۆر رژانە شەقامەكان و بەشێوازی جیاجیا تووڕەبوونی خۆیان لە نەبوونی ئاو لەم ھاوینە گەرمەدا نیشاندا، بەشێکی شەقامە سەرەکییەكانی شارەكان داخران و تەنانەت خۆپیشاندەران جادەی سەرەكی نێوان ماھشەھر و بەندەری ئیمام خومەینیان بە تەواوەتی داخستووە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، خەڵكەكە زۆر تووڕەن، ئەوان جگە لەوەی ئاوی پێویست بۆ كشتوكاڵیان نەماوە، ئێستا لە دابینكردنی ئاوی پاكی خواردنەوەش كێشەیان ھەیە، ئەو كەم ئاوییە لە وەرزێكدایە، كە پلەكانی گەرما لە ھەندێك ناوچەی ئێران بۆ سەروو 50 پلە بەرزدەبنەوە.

ئەمساڵ كێشەی كەم ئاوی لە زۆربەی ناوچەكانی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان ھەیە، كەمی باران بارین و كەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەویی و دابەزینی ئاستی بەنداوەكان ھۆكاری سەرەكین، كە ھەم خەڵكی تینووكردووە، ھەمیش كاریگەری لەسەر تێکڕای بەرھەمی كارەبا داناوە، بەڵام جگە لەوانە خەڵكی خوزستان لەوە تووڕەن، كە حكومەت بڕیاریداوە ئاوی رووباری كاڕون بگوازێتەوە و رووباری كەرخەش وشكبووە، گواستنەوەی ئاوی كاڕون لە رێگەی تونێل بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كەم ئاوی پارێزگای ئه‌سفەھانە، دۆخێكی ھاوشێوە لە رۆژھەڵاتی كوردستانیش ھەیە، كە حكومەت دەیەوێت ئاوی زێی بچووك بۆ دەریاچەی ورمێ و لەوێوە بە پارێزگاكانی دیكە بگوازێتەوە، بەڵام ئەو خەڵكە تووڕەن، ئەوان دەڵێن خۆیان و زەوییەكانیان تینوون، كەچی رووبارەكانیان وشك دەبن و ئەوەی ھەشە بۆ شوێنی دیكە دەگوازنەوە.

د.ی