بكوژی هیشام هاشمی له دانپێدانانه‌كه‌یدا وه‌ڵامی پرسیاره گرنگه‌كه‌ی نه‌دایه‌وه
K24- هه‌ولێر:
دانپێدانانی بكوژی هیشام هاشمی، پسپۆڕی ئه‌منی عێراقی، كه له كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی عێراقیه‌ی سه‌ر به حكومه‌تی عێراق بڵاوكرایه‌وه، نه‌یتوانی له نیگه‌رانییه‌كانی شه‌قام كه‌م بكاته‌وه و كاردانه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئاستێكی فراوانتر به‌رده‌وامن، ئه‌ویش به‌وه‌ی، كه هه‌رچه‌نده دانپێدانانی بكوژه‌كه بڵاوكرایه‌وه، به‌ڵام وه‌ڵامی پرسیاره گرنگه‌كه‌ی نه‌دایه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: "كێ فه‌رمانی كوشتنی هاشمیی به بكوژه‌كه كردووه؟".
به‌شێك له چالاكوانان و میدیا عێراقییه‌كان جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، دانپێدانانی بكوژه‌كه‌ی هیشام هاشمی به‌شی ئه‌وه ناكات دڵی شه‌قام رازی بكات، چونكه هێشتا ئه‌و لایه‌نه به‌شاراوه‌یی ماوه‌ته‌وه، كه فه‌رمانی ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌ی به تاوانباره‌كه كردووه.
به‌گوێره‌ی دانپێدانانی بكوژه‌كه، ئه‌و ناوی "ئه‌حمه‌د حه‌مداوی عوه‌ید مه‌عارج ئه‌لكینانی"ـیه و ئه‌فسه‌ره به پله‌ی میلازم له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق.
وه‌ك له دانپێدانانه‌كه‌دا هاتووه، له ساڵی 2007ـه‌وه كینانی له ریزه‌كانی پۆلیس دامه‌زراوه و سه‌ر به گرووپێكی له‌یاسا ده‌رچووه، بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌و گرووپه ئاشكرا بكات.
له دانێدانانه‌كه‌یدا كینانی گوتی: له‌گه‌ڵ سێ كه‌سی دیكه له‌ڕێگه‌ی دوو ماتۆڕسكیل و ئۆتۆمبێلێكی جۆری تۆیۆتا كرۆلا چوونه‌ته شوێنی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه له به‌رده‌م ماڵی هاشمی و 5 گوللـه‌ی ده‌مانچه‌یان له قوربانییه‌كه داوه و ئه‌و چه‌كه‌ی به‌كاریان هێناوه، موڵكی ده‌وڵه‌ت بووه.
پێشتر هه‌ر ئه‌مڕۆ، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له تویتێكدا ده‌ستگیركردنی بكوژه‌كه‌ی هیشام هاشمیی راگه‌یاند.
له مانگی ته‌ممووزی ساڵی رابردوو هیشام هاشمی له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌یدا له ناوچه‌ی زه‌یونه‌ی رۆژهه‌ڵاتی به‌غدا تیرۆر كرا و ئه‌و رووداوه كاردانه‌وه‌ی توندی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌ی عێراقیی به‌دوای خۆیدا هێنا و به‌رده‌وام شه‌قام داوای له ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقیی ده‌كرد، ئه‌و لایه‌نه ئاشكرا بكات، كه له‌پشت تیرۆركردنی هاشمییه‌وه‌یه.
هیشام هاشمی ته‌مه‌نی 47 ساڵ بوو، پسپۆڕ و شاره‌زای بواری گرووپه چه‌كداره‌كان بوو و خاوه‌نی ژماره‌یه‌ك توێژینه‌وه‌ی ستراتیژییه له‌و بواره‌دا.
H.B