کۆشکی سپی وادەی کۆبوونەوەی بایدن و کازمی ئاشکرا کرد

"کۆبوونەوەکە جەختکردنەوەیە لە پەیوەندی ستراتیژی واشنتن و بەغدا"
جۆو بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی  ئەمەریكا - مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق
جۆو بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا - مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

کۆشکی سپی وادەی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی عێراقی ئاشکراکرد و رایگەیاند "کۆبوونەوەکە جەختکردنەوەیە لە پەیوەندی ستراتیژی واشنتن و بەغدا".

لە راگەیەندراوێکی کۆشکی سپیدا هاتووە " 26ی ئەم مانگە، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، بۆ جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندی ستراتیجی نێوان واشنتن و بەغدا".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرۆکی ئەمەریکا، هیوادارە پەرە بە پەیوەندی زیاتر لەگەڵ عێراق لە سەرجەم بوارەکانی، سیاسی، ئابووری و ئەمنی، بە تایبەت لە رووبەڕووبونەوەی داعشدا بدرێت.

دوێنێ حسێن عەلاوى، راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاندبوو، سەردانەکەى کازمى بۆ واشنتن، بۆ جەختکردنەوەیە لەبارەى کشانەوەی هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق. بڕیاریشە سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند وڵاتێکى ئەوروپاش بەسەربکاتەوە.