بازاڕی شێخەڵڵا قەرەباڵغ دەبێتەوە

هاووڵاتییان ئامادەکاری بۆ جەژن دەکەن
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لەناو بازاڕی هەولێر خەڵک سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنن بۆ جەژنی قوربان و کەلوپەلی جەژن دەکڕن، بازاڕی شێخەڵڵا یەکێکە لە بازاڕە میللیەکان، بەهۆی کۆرۆنا چەند ساڵێک بوو بەر لە جەژن وەک ئێستا قەرەباڵغ نەبووە، ژمارەیەکی بەرچاو لە ھاووڵاتییان و گەشتیاران سەردانی دەکەن.

دوکاندارانی ئەو بازاڕە دەڵێن بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو بازاڕی ئەم جەژنە باشترە و تا ئێستا بازاڕێکی باشیان ھەیە و دەتوانن کەلوپەلەکانیان ساغ بکەنەوە.

جیاواز لە ساڵی رابردوو بازاڕەکان جمەیان دێت، گەشتیار و ھاووڵاتییان لەناو بازاڕ سەرقاڵی ئامادەکاری جەژنن. مام عەبدوڵڵا ئەحمەد، 30 ساڵە  لە بازاڕی شێخەڵڵا دوکانی چەرەسات و شیرینی ھەیە و بەردەوام خەڵک سەردانی دەکەن، ئەو دەڵێت "لەبەر ئەوەی جەژنی پێشوو بەهۆی کۆرۆنا جموجۆڵ کەم بوو، بەڵام ئێستا خەڵکێکی زۆر کەلوپەلی جەژن دەکڕن".

جگە لەوەی گەشتیارێکی زۆر بۆ جەژنی قوربان روویان لە ھەولێر کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەھۆی باشبوونی دۆخی دارایی ھاووڵاتییانەوە ھاوشێوەی ساڵانی پێش کۆرۆنا بازاڕ قەرەباڵغە.

ئەحمەد عومەر، یەکێکە لە دوکاندارەکانی بازاڕی هەولێر،  کەلوپەلێکی زۆری ھێناوە و پێوایە  دۆخی بازاڕ باشە و ھاووڵاتییان خۆیان بۆ جەژنی قوربان ئامادە دەکەن. ئەو بە کوردستان24ی گوت: "گەشتیارەکان لە خەڵکی خۆمان زیاتریش خواردن و کەلوپەل دەکڕن".

بازاڕی شێخەڵڵا، یەکێکە لە بازاڕە قەرەباڵغەکانی پارێزگای ھەولێر. لە ناوەڕاستی سەنتەری شاردایە.بەگوتەی کڕیاران نرخی کەلوپەلەکانی گونجاوە، بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان بەتایبەتی لە جەژن و بۆنەکان رووی تێدەکەن، لیژنەکانی چاودێری بازاڕیش بەردەوام چاودێری کوالێتی و نرخی کەلوپەلەکان دەکەن، بۆ ئەوەی ھیچ بازرگان و دوکاندارێک نرخەکان بەرزنەکەنەوە.