ئه‌مساڵ 124 هه‌زار تۆن شووتی لە عەلوەی ھاوچەرخی ھەولێر ساخکراوەتەوە

به‌رهه‌می ته‌ماته‌ رۆژانه‌ 300 تۆن له‌ عه‌لوه‌ی نوێ فرۆشراوه‌

K24 - هەولێر

عەلوەی ھاوچەرخی ھەولێر، بە سسیتمێکی پێشکەوتوو کاری لەسەر بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی جووتیاران کردووە، لەھەمانکاتدا بازاڕی لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ بەرھەمەکان دۆزیوەتەوە. ئەمساڵ ھیچ بەرھەمێکی شووتی بە فیڕۆ نەچووە، لە دەستپێکی وەرزی پێگەیشتنی شووتی تاوەکو ئێستا 124 هه‌زار تۆن شووتی بە بڕی نزیکەی 85 ملیار دینار فرۆشراوە.

محەمەد سلێمان، یەکێکە جووتیارەکان بە متمانەیەکی زۆرەوە شووتییەکانی هێناوەتە عەلوەی ھاوچەرخی نوێی هەولێر تاوەکو ساخیان بکاتەوە، ئەمساڵ شووتی یەکێک بووە لەو بەرهەمانەی بەرهەم و فرۆشی زیادبووە، ئەو جووتیارە لە دەڤەری گەرمیانەوە هاتووە و دەڵێت "ساڵانی رابردوو زەرەر و زیانێکی زۆرمان کردووە، بەڵام بە کردنەوەی عەلوە نوێکەی هەولێر، هەموو شووتییەکانمان فرۆشراوە".

گوتیشی: "ئەمساڵ نزیکەی 500 تۆن شووتیم هەبوو، کیلۆ بە 450 دینار دەفرۆشین، عەرەبەکان دێن لێرەوە باری دەکەن و بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دەیبەن".

بەدرەدین یوسف، خاوەنی عەلوەی ھاوچەری ھەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەوڵمانداوە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری جوتیاران بکەین، بۆ نموونە ئەگەر جوتیارێک بەرهەمی باشی نەبووە پارەی راگرتنی ئۆتۆمبێلمان لێوەرنەگرتووە، بەهۆی هاوکاری زیاتر ئەمساڵ هەموو بەرهەمی شووتی جوتیاران هێنرایە بازاڕ، هاوکات هاوکاری ئەو کەسانەمان کردووە کە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دێن لێرەوە بەرهەمەکان باردەکەن".

ھاوشێوەی بەرھەمی شووتی، بەرھەمی تەماتەیش ج,وتیارانیش ئەمساڵ لە عەلوەی ھاوچەرخی ھەولێر بە بازاڕکراوە، رۆژانە نزیکەی 300 تاوەکو 500 تۆن تەماتە لە جووتیاران کڕدراوە، بەشیک لە بەرهەمەکان لە ناوخۆدا فرۆشراون و بەشێکی زۆری هەناردەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق  کراوە.

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی جووتیاران لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکەیان، بە بازاڕکردن بوو، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمەکەیان هێناوەتە عەلوەی هاوچەرخی هەولێر، هەموو بەرهەمەکانیان بۆ ساخبووەتە، جووتیاران لە بەرهەمی تەماتەی ئەمساڵ و بازاڕەکەی رازین، داوا دەکەن بۆ ساڵی داهاتوو پاڵپشتی زیاتریان بکرێ  بۆ ئەوەی بەرهەمی زیاتر بخەنە بازاڕ.