بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە: جموجۆڵی داعش لەناوچە کوردستانییەکان مەترسیدارە

"بە هەماهەنگی دەتوانین مەترسییەکانی داعش نەهێڵین"

 K24 - هەولێر

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، داعش لە زۆربەی ناوچە کوردستانییەکان لە چالاکیدایە، بەجۆرێک شەو نییە هێرش نەکاتە سەر هێزە عیراقییەکان، ئەمەش بووەتە مەترسییەکی جیدی.

دەشڵێت بۆ ئەوەی ئەم مەترسیانە گەورە نەبن لە ئاستی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق. هاوپەیمانانیش لەو بڕوایەن ئەگەر هەماهەنگی باش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بکەن، دەتوانن ئەو مەترسیە بڕەوێننەوە.

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان24ی گوت: "تا دێت مەترسییەکانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان زیاد دەکات، لە ناوچەکانی حەمرین و خانەقین و گولەجۆ، هەروەها لە باشووری کەرکووک و قەرەچوغ و رۆژئاوای مووسڵ شانە نوستووەکانی داعش بەردەوام جموجۆڵیان هەیە و چەکدارەکانیان بەردەوام کردەوەی سەربازی دەکەن. کە وایلێهاتووە رۆژانە چەکدارانی داعش کردەوە ئەنجام بدەن، کە لە راستیدا ئەمە مەترسییە".

گوتیشی: "بۆ رێگری کردن لەو مەترسییە، هاوپەیمانانیش لەو بڕوایەدان هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە هەماهەنگی باشیان هەبێت".