داوای زیاتر هەماهەنگی پێشمەرگە و سوپای عێراق ده‌كرێت

كەمال كەركووكی: ئه‌میری داعش هه‌یه‌، ئێستا به‌رپرسه‌ له‌ كه‌ركووك
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ھێزی بۆ دوو لیوای ھاوبەش ئامادەكردووە
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ھێزی بۆ دوو لیوای ھاوبەش ئامادەكردووە

K24- هه‌ولێر:

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لە بارەی پێكھێنانی دوو لیوای ھاوبەش بە كوردستان24ی راگەیاند، وەزارەتی پێشمەرگە ئەو ھێزانەی بۆ ئەو دوو لیوا ھاوبەشە ئامادەكردووە، بەڵام لەسەر چۆنیەتی پڕچەككردن و رێكخستن و ھەیكەلیەتی نەگەیشتووینەتە رێككەوتن، ئاشکراشی دەکات تا دێت مەترسییەكانی سەرھەڵدانەوەی داعش زیاتر دەبێت، بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك- گەرمیانی پارتیش نایشارێتەوە داعش لە ھەموو شوێنێكی كەركووك ھەیە.

دوای پێكھێنانی چەند ژوورێكی ھاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئێستا گفتوگۆ بۆ پێكھێنانی دوو لیوا ھاوبەشەكە لە نێوانیان بەردەوامە و حكومەتی عێراق وەك پێكھێنانی ژوورە ھاوبەشەكان خەم ساردە، وەزارەتی پێشمەرگە ئەو ھێزانەی ئامادەكردوون، كە دەچنە ناو ئەو لیوا ھاوبەشانە و گفتوگۆش لەسەر پڕچەككردن و پێكھێنانی پەیکەربەندی و چۆنیەتی ئەرك و كارکردنیان بەردەوامە، سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، تەنیا دوو لیوا  ناتوانن كۆنترۆڵی ناوچە كوردستانییەكان بكه‌ن، چونکە داعش تا دێت چالاكییەكانی زیاتر دەكات.

چەقی چالاكییەكانی داعش لە كەركووك و دیالە و سەلاحەدین و خانەقینە، ئەم شوێنانە پێشتر پێشمەرگە كۆنترۆڵی كردبوون، بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك- گەرمیانی پارتی لەسەر دۆخی كەركووك ئاشکرای دەکات داعش لە ھەموو شوێنێكی كەركووك ھەیە.

كەمال كەركووكی، سەرۆکی ئەنجومه‌نی سەركردایەتی كەركووك - گەرمیانی پارتی گوتی: "ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ رۆڵی گرنگی هه‌بێت هه‌ر وه‌كو پێشوو، پێویسته‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ژماره‌ و شوێنه‌كانی سوپا دیاری بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داعش ئێستا له‌ ناو كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری هه‌یه‌، به‌رپرس له‌و شوێنانه‌ هه‌یه‌، كه‌ خۆی داعشه‌، ئه‌میری داعش هه‌یه‌، كه‌ ئێستا له‌ ناو كه‌ركووك به‌رپرسه‌، به‌هیوام ره‌چاوی مه‌ترسییه‌كان بكرێت و زوو حكومه‌تی عێراق و هاوپه‌یمانان به‌ ئاگابێنه‌وه‌ و رۆڵی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌رچاو بگرن".

لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر داعش لە كەركووك و دیالە و خانەقین تا دێت چالاكییەكانی زیاتر دەكات، شەو نییە ھێرش نەكاتە سەر ھێزە عێراقییەكان، بۆ پێكھێنانی دوو لیوای ھاوبەشیش حكومەتی عێراق خەمساردە و وەزارەتی پێشمەرگەش چاوەڕێی هەنگاوە جددییەکانی حكومەتی عێراقە.

د.ی