دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتووه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ده‌بێت هێزه‌كانی له عێراق بمێننه‌وه
K24- هه‌ولێر:
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین، سه‌رۆكی ئینستیتیۆی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ تویژینه‌وه له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا و سه‌ردانه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ واشنتن و ئه‌گه‌ره‌كانی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بۆ كوردستان24 دوا و گوتی: ماوه‌یه‌كه دیبه‌یته‌كی گه‌رم و گوڕ له‌ناو ئیداره‌ی بایدن هه‌بووه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی عێراق و مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته بكرێت.
هه‌وره‌ها گوتی: دتوانین بڵێین، ئیستا ئه‌مه‌ریكییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، كه به ئاسانی له عێراق نه‌كشێنه‌وه، چونكه ئه‌وان كارنامه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندیان بۆ عێراق هه‌یه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی زۆریان له عێراق و ناوچه‌كه به گشتی هه‌یه، عێراق پێگه‌یه‌كی گرنگه بۆ خۆیان و هاوپه‌یمان و هاوبه‌شه‌كانیان.
گوتیشی: تائیستا ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌ربازه‌كانیان كشاندووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێستا ئاراسته‌یان گۆڕاوه و گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی، كه ئه‌گه‌ر هێزه‌كانیان له‌و ژماره‌یه‌ی ئێستا كه‌متر بهێڵنه‌وه، ناتوانن پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له ناوچه‌كه بكه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك، كه ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه كشانه‌وه‌یان كاریگه‌ری له‌سه‌ر بوون و هه‌ژموونیان له سووریا و ناوچه‌كه به‌گشتی هه‌بێت. بۆیه ئێستا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، كه هه‌ر چۆنێك بێت پێویسته هه‌وڵی مانه‌وه بده‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رێككه‌وتن بكه‌ن.
دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی بوونی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو شاندی عێراق بۆ واشنتن كرده‌وه و گوتی: ده‌مێكه ده‌ست به دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا كراوه و كوردیش به فه‌رمی نوێنه‌ری له‌و شانده‌ی عێراقدا هه‌یه، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌ندامه تێیدا و ژماره‌یه‌ك نوێنه‌ری دیكه‌ی كوردیش له‌و شانده‌دا هه‌یه، ئه‌مه‌ش وایكردووه هه‌ست به شه‌راكه‌تێك بكرێت و گرنگییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه، كه ده‌نگی هه‌رێمی كوردستانیش له‌و دیالۆگانه‌دا به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت و پشتگوێ نا‌خرێت.
دووپاتیشی كرده‌وه، به‌لای ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه زۆر گرنگ بوو، كه هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ست به‌و شه‌راكه‌ت و موڵكیه‌ته‌ی دیالۆگه‌كان بكات، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌غداش به‌لایه‌وه گرنگ بوو كه بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان بسه‌لمێنێت، كه لایه‌نی كوردیی فه‌رامۆش نه‌كردووه و له‌و دیالۆگانه‌دا بێبه‌شی نه‌كردووه.