له بازاڕهكانی ههرێمی كوردستان نرخی شتوومهك چاودێری دهكرێت
K24 -سلێمانی:
بە هۆکاری زۆری خواست لەسەر کاڵا هەمە جۆرەکان لە رۆژانی جەژندا بەشێک لە فرۆشیاران نرخ لەسەر کاڵاکانیان زیاد دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێری توندیان خستووهتە سەر بازاڕەکان.
سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، لە بارەی گرانکردنی نرخی شتوومەک بۆ کوردستان24 گوتی: "چاودێرییەکی چڕمان خستووهتە سەر بازاڕەکان و رێگە نادەین هیچ فرۆشیارێك گرانفرۆشی بکات، و ئێمە 10 رۆژ پێش جەژن نرخی شتوومەکەکان وەردەگرین و بەراوردی دەکەین بە چەند رۆژێک بەر لە جەژن، هەر فرۆشیارێکیش نرخەکان زیاد بکات؛ ئەوا سزا دەدرێت، لەسەر ئەم بابەتەش چەند رۆژی پێشتر چەند دووکانێکمان داخستووە بە هۆی گرانکردنی نرخی شتوومەک''.
لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە رۆژانی پێش جەژن بە پلانێکی ورد چاودێری نرخی شتوومەک دەکەن، لە پاڵ ئەوەش لە فرۆشتنی کاڵای بێ کوالێتی و ماوەبەسەرچوو رێگری دەکەن.
ئەندامێکی لێژنە هاوبەشەکانیش رایگەیاند، لیژنەکانیان چەند رۆژێک بەر لە جەژن چاودێری کۆگاکان و شوێنی هەڵگرتنی خواردن دەکەن، خۆشبەختانە توانراوە ئەو خواردنانەی کە رێكهوتیان بەسەرچووە یان رێكهوتی بەسەرچوونیان نزیکە، دەستیان بەسەردا بگیرێت و لەناو ببرین. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد، لیژنەکانیان پێشوەختە ئاگاداری ئەو کۆگایانە دەکەنەوە پێوستە پابەندی ئەو رێنماییانە بن، کە لەلایەن ئەوانەوە پێیان دەدرێت، گوتیشی: هەندێک کۆگا هەیە وا پێویست دەکات پلەی گەرمیی شوێنی هەڵگرتنی کەلوپەلەکان 25 پلە بێت، بەڵام 35پله بووە و دەستبەجێ رێکاری یاساییان بەرامبەردا گیراوەتەبەر و ئەم شوێنانەمان داخستووە.
قائیمقامی سلێمانی کۆبوونەوەی بە بەشێک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگای سلێمانی کرد، لە کۆبوونەکەدا پلانی قائیمقامیەت و لێژنە ئەمنییەکانی بۆ رۆژی جەژن بۆ روونکردنەوە، لیژنەی ئەمنی و تەندرووستی و هێزە ئەمنییەکان لە شوێنە گشتییەکان و سەیرانگاکان لە رۆژانی جەژن و دوای جەژنیش بڵاودەبنەوە بۆ رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.
أ.س