کومان: مێسی شایستەی حەوتەمین باڵۆن دۆرە

رۆناڵد کومان
رۆناڵد کومان

رۆناڵد کومان دوای مانەوەی وەکو راهێنەری بارسێلۆنا لەگەڵ یانەکەی دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە و لە یەکەم دیمانەی لەگەڵ کەناڵی فەرمی یانەکەی پێیوایە لیۆنێل مێسی شایستەی حەوتەمین باڵۆن دۆرە.

رۆناڵد کومان، راهێنەری بارسێلۆنا لەبارەی لیۆنێل مێسی دەڵێت 'بەڕای من مێسی شایستەی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵە، ئەگەر شرۆڤەیەکی دوایین وەرزی بکەین، لیۆ لەگەڵ یانەکەی 30 گۆڵی تۆمارکرد و لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەکان بەردەوام بوو، لەگەڵ ئارجێنتیناش نازناوێکی گەورەی بەدەستهێنا، بۆیە پێموایە مێسی باشترین یاریزانە و شایستەی حەوتەمین باڵۆن دۆرە'.

کومان ستایشی گرێبەستە نوێیەکانی یانەکەشی دەکات، کە ئەم هاوینە بارسێلۆنا تا ئێستا چوار یاریزانی نوێی گواستوەتەوە ریزەکانی، کومان ستایشی سێرخیۆ ئەگوێرۆ و مێمفێس دیپای و ئێریک گارسیا دەکات کە ئەم هاوینە بەخۆڕایی پەیوەندییان بە ریزەکانی بلاوگرانا کردووە و ئێمرسۆنیش بە نۆ ملیۆن یۆرۆ چووەتە ریزەکانی بلاوگرانا.

رۆناڵد کومان دەڵێت 'ئێمرسۆن یەکێکە لە باشترین بەرگریکارەکانی لالیگا، لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکانیش بانگهێشتی هەڵبژاردەی بەڕازیل کراوە، وەرزی داهاتوو هێزێکی زۆرمان پێدەبەخشێت و لەگەڵ شێوازی یاریکردنمان دەگونجێت.
هاتنی ئەگوێرۆ بۆ ئێمە پێویست بوو چونکە لە پێشەوە پێویستمان بە یاریزانێکی بە ئەزموونی وەکو ئەگوێرۆ هەیە، گرنگترین خاڵ ئەوەیە ئەگوێرۆ لە رووی توانای جەستەییەوە زۆر باشە، ئێریک گارسیاش بە تۆپ زۆر باشە و لە پشتەوە زۆر سوودی بۆ ئێمە دەبێت'.

هەروەها کومان لەبارەی پێدرییەوە دەڵێت 'پێدری لە یۆرۆی 2020 ئاستێکی زۆر نایابی پێشکەش کرد و لە تەمەنی 18 ساڵیدا بەشداریی سەرجەم خولەکەکانی کرد، پێدری نموونەیکە بۆ ئەو یاریزانە لاوانەی دەیانەوێت لە بارسێلۆنا یاریی بکەن، پێویستە پشوو بە پێدری بدەین چونکە بە درێژایی ئەم هاوینە یاریی کردووە'.

بارسێلۆنا رۆژی چوارشەممە بەبێ ئەو یاریزانانەی بەشداریی یۆرۆ و کۆپا ئەمریکایان کردووە یەکەم یاریی ئامادەکاریی بۆ وەرزی نوێ دەکات و لە یاریگای یۆهان کرۆیف رووبەڕووی ناستیک دێ تاراگۆنا دەبێتەوە و سێ رۆژ دواتریش لە یارییەکی دیکەی ئامادەکاریدا بەرامبەر جیرۆنا یاریی دەکات.