سلێمانی.. فێرگەیەك بەخۆڕایی منداڵان فێری مەلەوانی دەکات

"لەفێرگەکەمان توانیومانە چەندین کێشەی جەستەییش چارەسەر بکەین"
بەهزاد مەولوود، سەرپەرشتیاری فێرگەی مەلەوانیی یانەی سلێمانی
بەهزاد مەولوود، سەرپەرشتیاری فێرگەی مەلەوانیی یانەی سلێمانی

K24 - سلێمانی:

فێرگەی مەلەوانیی‌ یانەی سلێمانی ساڵانە ژماره‌یه‌ك منداڵان وه‌رده‌گرێت به‌مه‌به‌ستی فێرکردنی مەلەوانی بەشێوەیەکی خۆڕایی و بێبەرامبەر، خاوه‌نی بیرۆكه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌هۆی ئه‌و كاره‌سانه‌ی له‌ ده‌ریاچه‌ و رووباره‌كاندا رووده‌ده‌ن، گه‌نجه‌كانمان مه‌له‌وانی نازانن، ئێستا كه‌سانی گه‌وره‌ش فێری مه‌له‌وانی ده‌كه‌ین.

فێرگەی مەلەوانیی یانەی سلێمانی ساڵانە بە پێی چەند مەرج و رێنماییەکی تایبەت خوولی فێرکردنی مەلەوانی ده‌كاته‌وه‌، لەتەمەنی منداڵییەوە تا تەمەنێکی دیاریکراو، فێری هەموو شێواز و جۆرەکانی مەلەكردن دەكرێن. فێرخوازانی ئەم فێرگەیە گەیشتوونە بە ئاستی پاڵەوان له‌ ریزی یانەکانن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی میدالیای زێڕ، سەرەڕای ئەوەش بەشداریان له‌ پاڵەوانیەتییەکانی وڵاتانی عەرەب و ئاسیاش كردووه‌، لەوێش چەندین مەدالیای زێڕ و پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە.

بەهزاد مەولوود، سەرپەرشتیاری فێرگەی مەلەوانیی یانەی سلێمانی بۆ کوردستان24 گوتی: "لە ساڵی 2016ـەوە بیرۆکەی کردنەوەی ئەم فێرگەیەمان هه‌بووه‌، بۆئه‌وه‌ی منداڵان فێرکردنی مەلەوانی بكه‌ین، ئێستا ده‌رفه‌ت بۆ گه‌ورانیش هه‌یه‌، بە هۆکاری ئەوەی زۆر کارەساتی دڵتەزێن لە دەریاچە و رووبارەکان دەبینین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی گه‌نجه‌كانمان مەلەوانی نازانن.

ئاماژەی بەوەشدا، سەرجەم خولەکانی ئەم فێرگەیە بۆ فێرخوازان بە خۆڕایین و لە زستان و هاویندا خوولەکان دەکرێنەوە، بەڵام لە زستانن بەهۆی هەبوونی دەوام و قوتابخانە خه‌ڵك کەمتر به‌شداری ده‌كه‌ن.

سەرپەرشتیاری فێرگەی مەلەوانیی یانەی سلێمانی راشیگەیاند، یانەی سلێمانی هەوڵی ئەوە دەدات، زۆرترین کەس لەم خوولەی فێرگەکەیان سوودمەند بێت. هەندێک فێرخواز کە لە جومگەکانیان کێشەی تەندرووستیان هەیە، بە رێنمایی تایبەت لەلایەن راهێنەرەکانەوە توانیوومانە کێشە جەستەییه‌كانیان چارەسەر بکەین".

لە رێکەوتی 27ی ئەم مانگە لە سەیدسادق پاڵەوانیەتی مەلەوانی یانەکانی کوردستان دەستپێدەکات، هەر لە ئێستاوە بۆ پاڵەوانیەتیەکە یانەی سلێمانی لە فێرگەکەی خۆی دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە.

أ.س