نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە كاردینال لویس ساكۆ کرد

K24 - ههولێر:
نێچیرڤان بارزانى، نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە (18ی تهممووز/ یۆلیۆی 2021)، پێشوازى لە "كاردینال لویس ساكۆ" پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێکدا دۆخى پێکهاتەى کلدان و مەسیحییەکانى عیراق و هەرێمى کوردستان بەگشتى و رەوشى ئاوارە مەسیحییەکانیان لە هەرێمى کوردستان تاووتوێ کرد، هەروەها تیشکیان خستەسەر دۆخى دەشتى نەینەوا و مەسیحییەکانى مووسڵ و ناوچەکە.
هەردوولا هاوڕابوون، کە متمانە و دڵنیایى پێویستە بۆ ئەوەى ئاوارە مەسیحییەکان بتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و دەست بە ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەى ژیان بۆ ناوچەکانیان بکەن، کە لە ئەنجامى هێرشەکانى داعشدا زیانى زۆریان بەرکەوتووە و پێویستییان بە یارمەتى و هاوکاریى نێودەوڵەتى هەیە.
كاردینال ساكۆ، ستایشى پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن، لێبوردەیى، ئاوەدانى و پێشکەوتن و رۆڵى سەرکردایەتى لە هەرێمى کوردستان کرد و دووپاتى کردەوە کە کوردستانیبوون ناسنامەیەکى کۆکەرەوەى هەموو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەیییەکانە و ئاوارە مەسیحییەکان لە وڵاتانى جیهان دەتوانن بگەڕێنەوە تا بە ئارامى و دڵنیایى لە کوردستان بژین و هاوبەشى و بەشدارى لە پێشخستن و ئاوەدانکردنەوەیدا بکەن.

لاى خۆیەوە "نێچیرڤان بارزانى" دووپاتى کردەوە، کە هەرێمى کوردستان شانازى بە کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیییەوە دەکات و وەک هەمیشە بە لانەى ئارامى هەموو پێکهاتەکانى دەمێنێتەوە. هەردوولا سەردانى پاپاى ڤاتیکانیان بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بە گرنگ لە قەڵەم دا، کە رۆڵى لە قووڵکردنەوەى کولتوورى پێکەوەژیاندا هەیە.
هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق و چەند پرسێکى تایبەت بە کاروبارى کەنیسە و مەسیحییەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.