وردەکاری دابەزاندنی نرخی بەنزین دەخرێتەڕوو

هەنگاوەکان بۆ جێگیر کردنی نرخی بەنزین دەستیپێکردووە
بەنزینخانە
بەنزینخانە

K24 – هەولێر

بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی بەنزین، حکومەتی هەرێمی کوردستان باج لەسەر بەنزین لادەبات و رێگەش بۆ هاوردەکردنی بەنزین دەکاتەوە، هەروەها هەنگاوەکان بۆ جێگیرکردنی نرخی بەنزین دەستپێکردووە.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئاگادار کراینەوە کە لە رۆژانی داهاتوو باج لەسەر بەنزین هەڵدەگیرێت، هەروەها رێگاکان بۆ هاوردەکردنی بەنزین کراوە دەبێت، ئەمەش وا دەکات نرخی بەنزین بە رێژەیەکی زۆر دابەزێت، چونکە ئەو کات بازرگانان دەتوانن بچن لە دەرەوە بەنزین بێنن".

گوتیشی: "لە یەکەم هەنگاوی حکەمەتی هەرێم، ئێستا لە 27 بەنزیخانەی هەولێر نرخی بەنزین 70 تا 100 دینار دابەزێندراوە، یەک لیتر بەنزین بە 660 دینار دەفرۆشرێت، هاوکات چاودێری بەنزینخانەکان دەکرێت، بۆ ئەوەی بە نرخی زیاتر بەنزین نەفرۆشن، کوالێتی بەنزینەکەش زۆرباشە و بەپێی ئەو مەرج و رێنمایانەیە کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دیاریکردووە".

قایمقامی ناوەندی هەولێر، ئاماژەی بەوەشکرد: "حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێک دەدات نرخی بەنزین هەرزان بکرێت و لە هەمانکاتدا جێگیر بکرێت، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان، کە هیچ کەس نەتوانێ یاری بە نرخ و کوالێتی بەنزین بکات".

راشیگەیاند: "یەکێک لە هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی بەنزین ئەوە بوو کە کوالێتی دانەبەزێت، بەڵکو بە کوالێتی بەرز لە بەنزینخانەکان بفرۆشرێت، بەردەوامیش ئیجرائات لەگەڵ ئەوانە دەکرێت کە یاری بە کوالێتی بەنزین دەکەن، چەند بەنزینخانەیەک لە هەولێر و دەوروبەری داخراون ".

سەبارەت بە جێگیر کردنی نرخی بەنزین، نەبەز عەبدولحەمید، گوتی: "جێگیر کردنی نرخی بەنزین لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دەبێت، حکومەتیش هەموو هەوڵێک دەدات کە ئاسانکاری تەواو بکرێت".