یه‌كه‌مین حاڵه‌تى ڤایرۆسی مه‌یموون(B.V) له چین تۆمار كرا
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ى گڵۆباڵ تایمزى چینى، بڵاویكرده‌وه، یه‌كه‌مین حاڵه‌تى ڤایرۆسى مه‌یموون(Monkey B Virus)،(B.V)، له چین تۆمار كرا، كه پزیشكێکی ئاژەڵان، له‌كاتى ئه‌نجامدانى شیكردنه‌وه‌ى جه‌سته‌یی بۆ دوو مه‌یموون، تووشى هات و پێوه‌ى كۆچى دوایی كرد.
رۆژنامه‌كه راشیگه‌یاند، بنكه‌ى چینى، بۆ پشكنینى نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان، رایگه‌یاندووە، كاتێك ئەم پیاوە شیكردنه‌وه‌ى جەستەیی بۆ دوو مه‌یموون ئەنجامداوە، دوای دوو مانگ ڤایرۆسه‌كه‌ى بۆ گوازراوه‌ته‌وه، له ئاكامدا، گیانى له‌ده‌ستداوه.
لە کاتی تووشبوونیشی، هانای بۆ گشت نه‌خۆشخانه‌كان بردووه، تاوەکو چاره‌سه‌ری بكه‌ن، له ئاکامدا لە (27ى مایۆ/ئایاری رابردوو)ى ئه‌مساڵ، كۆچى دوایی كرد، به‌ڵام ئەو کات نه‌زانرا كه ئه‌م نه‌خۆشه، به كاریگه‌رییه‌كانى ڤایرۆسى مه‌یموون (B.V) گیانى له‌ده‌ستداوه.
رۆژنامه‌كه جه‌ختیشیكرده‌وه، نیشانه‌كانى ئه‌م نه‌خۆشییه، بریتین له سه‌رسوڕان و رشانه‌وه، رێژه‌ى مردنیش به‌م ڤایرۆسه (%80)یە، تا ئێستا چاره‌سه‌ری و ڤاکسینی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
سەرچاوە: "globaltimes.cn"
ک.ب