به‌رگی كه‌عبه‌ نوێكرایه‌وه‌

بەجێهێنانی فەریزەی حەج دەستیپێکرد
کەعبە - فۆتۆ: رۆیتەرز
کەعبە - فۆتۆ: رۆیتەرز

K24 - هەولێر

بە بەشداری زیاتر لە 60 هەزار کەس، کە سەرجەمییان دانیشتووی سعودیەن، بەجێهێنانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ دەستیپێکرد و بەرگی كه‌عبه‌ی ماڵی خودا و رووگه‌ی موسڵمانانی جیهان نوێ كرایه‌وه‌.

ئەمڕۆ کە بە رۆژی تەرویە ناسراوە، حاجیان روویان لە ناوچەی مینا كرد‌ و لەوێ دەمێننەوە، دواتر بەرەو تەختایی‌ و كێوی عەرەفات دەكەونە رێ ‌و پایەی گەورە و سەرەكی حەج بەجێدەهێنن ‌و دوای خۆرئاوابوونیش، عەرەفات بەرەو مزدەلیفە جێدەهێڵن. شەوی 10ی زیلحیجەش، حاجیان لە مینا دەمێننەوە‌و وردە بەرد بۆ رەمی گەورەی جەمەرات لە یەكەم رۆژی جەژنی پیرۆزی قورباندا كۆدەكەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی گشتی کارووباری هەردوو مزگەوتی حەرام و مزگەوتی نەبەوی، بەرگی کۆنی کەعبەیان لێکردەوە و به‌رگێكی نوێیان پۆشی.

هاوکات، محەمەد عەبد عالی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی سعودیە رایگەیاند "تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو حاجیاندا تۆمار نەکراوە".

ئەمە دووەم ساڵە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رێگە بە حاجیانی دەرەوە نادرێت، بەشداری حەج بکەن.