هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە رێگای هامڵتۆن سنووردار دەکرێت

هاتووچۆی سۆران: هەر شوفێرێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت
دێمەنێکی رێگای هامڵتۆن - ئەرشیف
دێمەنێکی رێگای هامڵتۆن - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە رێگا و بانەکان لە رۆژانی جەژن، بڕیاردرا هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە رێگای هامڵتۆن سنووردار دەکرێت.

موحسین تەحسین، وتەبێژی هاتووچۆی سۆران بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای راوێژکردن بڕیارماندا لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان کە دەکاتە 20ی ئەم مانگە تا 24ی مانگ، کات بۆ هاتووچۆی هەموو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بەتایبەتی ئەوانەی هاتووچۆی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران دەکەن دیار کرا. لە کاتژمێر 9ی بەیانییەوە تا کاتژمێر 10ی شەو هیچ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بۆی نییە لە رێگای هامڵتۆن هاتووچۆ بکات".

گوتیشی: "بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە هەماهەنگیمان لەگەڵ دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران کردووە کە تا کاتی دیاریکرا و رێگە نەدەن بارهەڵگرەکان بەرەو سۆران بێن، لای خۆشمانەوە ئێمە لە سۆران رێگری لە چوونی بارهەڵگرەکان دەکەین بۆ حاجی ئۆمەران".

وتەبێژی هاتووچۆی سۆران، راشیگەیاند: "هەر شوفێرێک سەرپێچی بڕیارەکە بکات سزا دەدرێت".

سەبارەت بە پلانی هاتووچۆ بۆ رۆژانی جەژن، ئاماژەی بەوەدا: "پلانمان بۆ رۆژانی جەژن داناوە، جگە لە دانانی کارمەند لە شەقامەکان، مەفرەزەی تایبەتمان هەیە لە هەر شوێنێک قەرەباڵغی دروست بێت، مەفرەزە دەنێرینە ئەو شوێنە".

دەڤەری سۆران، کە سنووری قەزاکانی سۆران، رواندز، چۆمان، مێرگەسۆر دەگرێتەوە، چەندین ناوچەی گەشتیاری و سەیرانگای لێیە، بۆیە لە بۆنە و جەژنەکان ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و شارەکانی کوردستان رووی تێدەکەن.