قوربانیکردن بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵانی گەرم کردووە

نرخی هەندێک ئاژەڵ 250 هەزار دیناری هاتووەتە سەر
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

قوربانیکردن بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵانی گەرم کردووە، رۆژانەش بە هەزاران سەر ئاژەڵی بچووک و گەورە ساغدەکرێنەوە، ئەوەی بووەتە کێشە لەبەردەم ئاژەڵداران و بەرهەمی خۆماڵی بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی دیکەیە، بەو هۆیەوە نرخی ئاژەڵی گەورە بۆ نموونە رەشە وڵاغێک نزیکەی 250 هەزار دیناری هاتووەسەر.

لە مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵان لە هەولێر بە هەزاران سەر ئاژەڵ رۆژانە مامەڵەیان پێوەدەکرێ، بەشێکی زۆریان بەرهەمی خۆماڵین، ئەوانی دیکەش هاوردەن، بە قسەی ئاژەڵداران و بازرگانان هەم کەشوهەواکەی گەرمە هەمیش بازاڕەکەیان، ئاژەڵی قوربانی کە زیاتر رەشە وڵاغ دەگرێتەوە بازاڕیان خۆشترەو زووتر ساغ دەبنەوە.

بازرگانان راو بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەبارەی ئاژەڵی خۆماڵی و بیانی، بەشێکیان دەڵین "ئەگەر ئاژەڵی سووری نەبێت، نرخی گۆشت دەفڕێت، بەشێكی دیکەشیان پێیانوایە ئاژەڵی بیانی گورزی بە ئاژەڵی خۆماڵی و ئاژەڵداران گەیاندووە"، ئاژەڵە خۆماڵییەکان دەناسرێنەوە، لەولاشەوە ئاژەڵە بیانییەکان بازاڕیان پڕکردووە.

ئاژەڵی خۆماڵی لە هەرێمی کوردستان پێداویستی ناوخۆ پڕناکاتەوە، بەگوێرەی ئامارەکان، سامانی ئاژەڵی تەنیا 40٪ بەشی ناوخۆ دەکات، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، نرخی کیلۆیەک گۆشتی ئاژەڵی بچووک نزیکەی 750 دیناری هاتووەتەسەر، بەو مانایەی ئەگەر ئاژەڵی گەورەی 200 کیلۆ بێت، 100 هەزار دیناری هاتووەتەسەر.

ئەمساڵ بازاڕی بە دڵی بازرگانەکانە، بەڵام بۆ ئاژەڵداران دیسان زیان و بێ داهات. ئاژەڵداران گرانی نرخی ئالیک و وشکەساڵی دوو کێشەی گەورەی بەردەم ئاژەڵداران بووە وەکو خۆیان دەڵێن "ماڵ بۆ خۆی نەبوو میوانیشی بەسەرداهات".

تەنیا هەولێری پایتەخت مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 2600 تۆن گۆشتی سوور هەیە، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانەکەی 2 ملیۆن و 250 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

کۆی بەرهەمی ئاژەڵی خۆماڵی  لە هەولێر، نزیکەی 1300 تۆنە ، لێرەشدا 50٪ کورتهێنان هەیە. سەرەڕای ئەوانەش مانگانە 700 تۆن گۆشتی سووری بەستوو دێتە بازاڕەکانی هەولێر.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی خۆراکی جیهانی ساڵانە زیاتر لە 2.7 ملیار سەر ئاژەڵ دەخورێت، هەر تاکێکیش ساڵانە  14.4 کیلۆگرام گۆشتی سووری بۆ دانراوە.