ئاماری نوێی کۆرۆنا: زۆرترین تووشبوو تۆمار کرا

لە 24 کاتژمێردا 19 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

K24 – هەولێر

وەزیری تەندروستی ئاشکرای کرد، لە 24 کاتژمێری رابردوو زۆرترین ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: "لە 24 کاتژمێری رابردوو هەزار و 985 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 19 تووشبووی ڤایرۆسەکەش گیانیان لەدەستداوە".

گوتیشی: "هێلکارییەکانی شیکاری پێمان دەڵێت، کە دۆخەکە مەترسیدارە، نەخشەکە لە رەنگی تۆخی نارنجییەوە بەرەو سەرەوە دەڕوات، ئومێد دەکەین نەگەن بە رەنگی سوور".

وەزیری تەندروستی راشیگەیاند: "ئەو بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا هاوکاتە لەگەڵ پشووی جەژنی قوربان، تەنها نۆڕینگەکانی حکومی کراوەن، بۆیە پێشبینی دەکرێ ژمارەی تووشبووان لەوە زیاتر بێت، لە هەمانکاتدا وەک وەزارەتی تەندروستی لەوە نیگەرانین کە تێکەڵبوون و جموجۆڵ و بەریەکەوتنی زۆر لەناو هاووڵاتییان هەیە، بەبێ پابەندبوون بە رێنماییەکانی تەندروستی، کە ئەمە ترسناکە".

ئەوەشی خستەڕوو: "بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تەنها بە تەندروستی ناکرێت، چارەسەر تەنها دەرمان نییە، بەڵکو دەبێ هاووڵاتییان و هەموو لایەک پاڵپشتی وەزارەتی تەندروستی بکەن، خۆپارێزی بکەن".

د. سامان بەرزنجی، داواشی لە هاووڵاتییان کرد، لە رۆژانی داهاتوودا خۆیان بپارێزن لە بەر یەککەوتن و کۆبوونەوە.