بارسێلۆنا له‌ نێو قه‌رزدا نوقم بووه‌

خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا
خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا

بارسێلۆنا زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆ قەرزی لەسەر کەلەکە بووە، هەر ئەمەش وایکردووە ئەو یانەیە نەتوانێت بە خواستی خۆی یاریزان بگوازێتەوە وبۆ ئەم مەبەستەش پێویستە داهاتێکیان لەم هاوینە دەست بکەوێت و دواتر گرێبەستی نوێ واژۆ بکەن و هەروەها بەشێوەیەکی بەرچاوە موچەکانیان کەم بکرێنەوە.

تاوەکو دێت بارودۆخی بارسێلۆنا لە رووی داراییەوە کێشەی زیاتر تێدەکەوێت و ئەو یانەیە بەهۆی ئەو قەرزانەی لەسەری کەتووە، لە توانایدا نیە گرێبەستی نوێ بە دڵی خۆیان واژۆ بکەن، بگرە مەترسی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی لیۆنێل مێسی گۆڵکاری مێژوویی یانەکەشیان هەیە.

بلاوگرانا قەرزەکانیان سنورێکی مەترسیداریان تێپەڕاندووە، ئەو یانەیە زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆ قەرزارن، ئەمەش ئەرکی دەستەی سەرۆکایەتی نوێ ئەو یانەیە قورس کردووە و پێویستە پێش ئەوەی گرێبەستی نوێ واژۆ بکەن، هەندێک لە قەرزەکانیان بدەنەوە.

یەکێک لە مەرجەکانی ئەنجومەنی لالیگا بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ لەم هاوینە بۆ یانەی بارسێلۆنا ئەوەیە، ئەو یانەیە پێویستە ئەم هاوینە داهاتیان بگاتە 200 ملیۆن یۆرۆ کە دەکاتە نزیکەی 170 ملیۆن پاوەند، دواتر دەتوانن یاریزانی نوێ بگوازنەوە ریزەکانیان و گرێبەستی یاریزانەکانیشیان نوێ بکەنەوە.

بەهۆی ئەو کێشە داراییانەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەری هەڵداوە، یانە کەتەلۆنیەکە زۆربەی داهاتەکانی لەدەستداوە، تەنها رێگە چارەی بەردەمیان ئەوەیە کە دەستبەرداری بەشێک لە یاریزانەکانیان بن.

لە نوێترین راپۆرتی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنیدا هاتووە، کارگێری بارسێلۆنا ئامادەیە دەستبەرداری سێ بەرگریکاری دیاری یانەکەی، واتە سێرجینۆ دێست، کلێمێنت لێنگلێت و ساموئێل ئۆمتیتی بێت، هەر کاتێک ئۆفەری باشیان پێشکەش بکرێت، ئەوا دەستبەرداریان دەبن، ئەویش لە پێناو بەدەست هێنانی بەشێک لەو داهاتەی بۆیان دیاری کراوە.

ئەو یانەیە وەرزەکانی رابردوو لە کاتی سەرۆکایەتی بارتیمیۆ، موچەی سەرجەم یاریزانەکانی تیپەکانی گەیشتە 671 ملیۆن یۆرۆ کە بەرزترین بوو لەلالیگا، هەرچەندە وەرزی رابردوو بە کەمکردنەوەی موچەی یاریزانەکان، ئەم بڕە گەیشتە 347 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام لالیگا رایگەیاندووە یانەکان بۆیان نیە موچەی یاریزانان بۆ ئەم وەرزە لە 160 ملیۆن یۆرۆ زیاتر بێت.

لە ئەگەری نەفرۆشتنی بەشێک لەو یاریزانانەی کە بارسێلۆنا دیاری کردووە، ئەو کات یانەکە لەوانەیە ناچار بێت داوا لە یاریزانەکانیان بکاتەوە جارێکی دیکە لە موچەکانیان کەم بکەنەوە، هەرچەندە کۆتایی وەرزی رابردوو بەشێک لە یاریزانەکانی رەتیان کردەوە جارێکی دیکە موچەکانیان کەم بکەنەوە.