ئه‌نه‌كه‌سه: ئامانجی رفاندنی ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا بۆ له‌باربردنی دانووستانی كوردی - كوردییه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا "ئه‌نه‌كه‌سه" رفاندنی ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا (PDK-S) له‌لایه‌ن چه‌كدارانی په‌یه‌ده‌وه سه‌ركۆنه‌كرد و داوایان له سه‌ركردایه‌تی هه‌ده‌سه و ئه‌مه‌ریكا كرد، له‌سه‌ر ده‌ستگیركراوانه بێنه ده‌نگ.
له به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌نه‌كه‌سه‌دا هاتووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی سه‌رخستنی دانووستان و گه‌یشتن به رێككه‌وتنی كوردی – كوردی له‌لایه‌ن چالاكوانانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و رۆشنبیرانه‌وه هه‌یه، چه‌كدارانی په‌یه‌ده شه‌وی 17ی ئه‌م مانگه ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامانی پارتیان له‌ناوچه جیاجیاكانی رۆژئاوای كوردستان رفاندووه.
سه‌ركردایه‌تی ئه‌نه‌كه‌سه روونیكرده‌وه، چه‌كدارانی په‌یه‌ده، محه‌مه‌د ساڵح ئه‌حمه‌د له چل ئاغا، عزه‌دین مه‌حموود له قامشلۆ، بارزان حوسێن له گركێ له‌گێ و محه‌مه‌د ئیۆ له قامشلۆ رفاندووه و به‌سه‌ر ماڵی "ویسی شێخی"، سه‌ركرده‌ی پارتی یه‌كێتی كوردستانی داداوه له كۆبانێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش چه‌ند رۆژێك به‌ر له ئێستا فرمز عه‌بدولكه‌ریم له دێریك و عه‌بدولغه‌فار محه‌مه‌د له چل ئاغا ده‌ستگیركرد و تا ئێستاش چاره‌نووسیان نادیاره.
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌و ره‌فتاره‌ی چه‌كدارانی په‌یه‌ده پێچه‌وانه‌ی هه‌وڵه‌كانی دانووستانه و له‌باربردنی رێككه‌وتنی كوردی – كوردییه، بۆیه داوا رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و سه‌ركردایه‌تی هه‌ده‌سه و ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ین، سنوورێك بۆ ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی چه‌كدارانی په‌یه‌ده دابنێن و ده‌ستگیركراوان ئازاد بكرێن.