نێچیرڤان بارزانی په‌یامێكی پیرۆزبایی راگه‌یاند

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان داوایه‌ك له‌ هاووڵاتیان ده‌كات
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی قوربان، تێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ته‌واوی موسڵمانانی كوردستان، عێراق و جیهان كرد.

ده‌قی په‌یامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربان:

به‌بۆنه‌ى هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى پیرۆزی قوربانه‌وه‌، گه‌رمترين پيرۆزبايى له خانه‌واده‌ و که‌سوکاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان، هێزه‌ ئه‌منییه‌کان و ته‌واوى موسڵمانان له‌ كوردستان، عيراق و جيهان ده‌كه‌م، جه‌ژن و پشوويه‌كى ئارام بۆ هه‌مووان ده‌خوازم.

هيوادارم جه‌ژن له‌گه‌ڵ خۆيدا سه‌قامگيرى و خۆشى بهێنێت، كۆتايى به‌ ده‌رد و په‌تا بێت، بۆ ته‌واوى مرۆڤايه‌تى ژيان ئاسايى ببێته‌وه‌ و جه‌ژن و بۆنه‌کانی داهاتوومان له‌ دۆخێکی باشتردا بگه‌ڕێنه‌وه‌.

له‌م بۆنه‌يه‌دا با هه‌موومان به‌ تاك، خێزان و کۆمه‌ڵگه‌وه‌ په‌يام و ماناكانى جه‌ژن له لێبورده‌يى و پێكهاتنه‌وه‌ و گه‌ردنئازادى بكه‌ينه‌ بنه‌مايه‌ك بۆ قووڵكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و ئاشته‌وايى و هه‌موومان پێكه‌وه‌ یه‌کڕیز و ته‌با بۆ ئاينده‌يه‌كى باشتر‌ بۆ كوردستان هاریکار بین‌.

داوا له‌ هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست ده‌که‌م، له‌پێناو سه‌لامه‌تیی خۆیان و ئازیزانیان به‌ ته‌واوی پابه‌ندی رێنمایی و رێکاره‌کانی خۆپارێزی بن. جه‌ژن له‌ هه‌مووتان پيرۆز بێت. هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى و خوای مه‌زن هه‌مووان بپارێزێت.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/7/19

H.B