دوو ساڵە کۆمپانیاکانی حەج و عەمرە لە هەرێمی کوردستان زەرەر دەکەن

کۆرۆنا زیانی کۆمپانیاکانی حەج و عەمرە گەیاندووە

K24 - هەولێر

ئەنجامدانی فەریزەی حەج بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لەلایەن حکومەتی سعودیەوە بۆ ژمارەیەکی کەم هاووڵاتی ناوخۆیی و دەرەکی دیاریکراوە، هەرکەسێکیش بیەوێ سەردانی سعودیە بکات بۆ ئەنجامدانی عەمرە، پێویستە هەردوو ژەمی ڤاکسین وەربگرێت. هەر کەسێک لەوێ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت، لەسەر ئەرکی خۆی 14 رۆژ کەرەنتینە دەکرێت. ئەمەش ژمارەی سەردانکارانی کەمکردووەتەوە و زیانی لە کۆمپانیاکانی حەج و عەمرە داوە.

سەید عەبدوڵڵا محەمەد، خاوەنی یەکەمین کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرەیە لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2005ەوە کۆمپانیاکەی دامەزراندووە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڕیارەکانی حکومەتی سعوودیە، ماوەی دوو ساڵە هیچ گەشتێکی عومرەی رێکنەخستووە. ئەو بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە مانگی 2ی ساڵی 2019 گەشتی عومرە وەستێنرا، بڕیارەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیە دراوە، ئەوکات 107 ڤیزام وەرگرتبوو، لە راستیدا پارەکە لەسەر ئێمە حیسابە پارەمان دایەوە خەڵک، بەڵام بە گشتی وەستاندنی گەشتەکانی عومرە زیانی بە کۆمپانیاکان گەیاندووە، بەتایبەتی ئەوانەی کرێ دەدەن. جگە لەوەش ئێمە ساڵانە 2 هەزار دۆلار بۆ نوێکردنەوەی مۆەڵەت و ژمێریاری قانونی و پارێزەر دەدەین".

زیانەکان لە کۆمپانیایەکەوە بۆ کۆمپانیایەکی دیکە جیاوازیە، کۆمپانیا هەیە توانیویەتی بڕێک پارە وەربگرێتەوە، بەڵام کۆمپانیا هەیە هێشتا نزیکەی 50 هەزار دۆلاری وەرنەگرتووەتەوە.

حاجی مەحیەدین ئیسماعیل، یەکێکی دیکەیە لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای حەج و عەمرە ئەو دەڵێ: "زەرەرمان زۆرە، من تائێستا زیاتر لە 50 هەزار دۆلارم ماوە وەرم نەگرتووەتەوە، زیانەکە لە کۆمپانیایەک بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە".