داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن لە پەتای کۆرۆنا و خوێن بەربوون

"بۆ سەربڕینی ئاژەڵەکان رێنمایی دراوە بە تیمەکانی تەندروستی و ڤێتەرنەری"
هاووڵاتییەک لە شاری سلێمانی - فۆتۆ: aa
هاووڵاتییەک لە شاری سلێمانی - فۆتۆ: aa

K24 – هەولێر

بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی خوێن بەربوون، داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن.

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا ئەمڕۆ بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی خوێن بەربوون گشت رێنماییەکان دراوە بە تیمەکانی تەندروستی و ڤێتەرنەری، کە بە رێنمایی تەندروستی ئاژەڵەکان سەر ببڕن".

جەختیشی کردەوە: "نەخۆشی خوێن بەربوون سەریهەڵداوە، بۆیە داواکارین لە هاووڵاتییان ئەوانەی قوربانی دەکەن، لە قەسابخانەکان بەپێی رێنماییەکانی تەندروستی سەری ئاژەڵەکان ببڕن".

سەبارەت بە هەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا، جێگری پارێزگاری هەولێر، گوتی: "هەموو خاڵەکانی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ کاری پێدەکرێت کە دوێنێ 19/7/2021 راگەیەندراوە، سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، کە ژمارەی تووشبووان زیادیکردووە، ئێستا کە جۆری کۆرۆنای دێلتا تۆمار کراوە بەشێوەیەکی خێراتر بڵاودەبێتەوە، بەداخەوە نەخۆشخانەکان جارێکی دیکە پڕ بوونە لە نەخۆش، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین پابەندبن بە رێنماییەکانی خۆپارێزی، هەروەها داوایان لێدەکەین هەمووان خۆیان ناونووس بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین".