تەندروستی عێراق هۆشداری لە روودانی کارەسات دەدات

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا زیادیکردووە
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا دەدات و رایدەگەیەنێت، بەهۆی پابەند نەبوونی هاووڵاتییان دوور نییە کارەسات رووبدات.

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداریدا و رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا دۆخەکە مەترسیدارە و دوور نییە بە پابەند نەبوونی خەڵکی بە رێکارەکانی خۆپارێزییەوە، کارەساتێکی تەندروستی رووبدات.

هەروەها هانی عوقابی بریکاری وەزیری تەندروستی لە پەیامێکدا هۆشداری لە خراپی دۆخی تەندروستی داوە و رایگەیاندووە "ژمارەیەکی زۆری تووشبووان لە نەخۆشخانەکاندا لە ژێر چارەسەردان و باری تەندروستیان ناجێگیرە".

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە عێراق، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و نزیکەی 17 هەزار کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.

هەر بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستی تاوەکوو ئێستا نزیکەی 830 هەزار کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان پێدراوە.