وردەکاری گیرانەوەی ئاوی ئیفرازی هەولێر دەخرێتەڕوو

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر داوا لە خەڵک دەکات دەست بە ئاوەوە بگرن
ئاوی ئیفرازی هەولێر
ئاوی ئیفرازی هەولێر

K24 – هەولێر

بەهۆی شێلو (لێڵ) بوونی ئاو، ئاوی ئیفرازی هەولێر گیراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێریش داوا لە هاووڵاتییان دەکات، دەست بە ئاوەوە بگرن تا چارەسەرکردنی ئەو گرفتە.

زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەهۆی بارانبارین لە حاجی ئۆمەران و دەڤەری باڵەکایەتی رووبار شێلو بووە، بۆیە مزەغەکانی ئیفراز 1 و 2 و 3ی هەولێرمان کوژاندەوە، بۆ ئەوەی پاکیان بکەینەوە".

سەبارەت بەوەی لە وەرزی زستان رێژەی بارانبارین زۆرترە و بۆچی گرفت بۆ ئاوی ئیفراز دروست نابێت، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: "لە وەرزی زستان ئاستی ئاوی رووبار زۆرە، بەڵام ئێستا کەمە و زووتر پیس دەبێت".

راشیگەیاند: "پیشبینی دەکەین بۆ کاتژمێر 9ی ئەمشەو ئاستی شێلویی لە ئاوەکە کەم بێتەوە و بتوانین مزەغەکان بەکار بخەینەوە و ئاو بەربدەینەوە".