رانیە... لە شەڕێکدا 5 کەس برینداربوون

سێ تۆمەتبار هەڵاتوون تائێستا دەستگیر نەکراون
دیمەنێکی کاتی شەڕەکە
دیمەنێکی کاتی شەڕەکە

K24 - رانیە

بەهۆی شەڕ لەنێوان ژمارەیەک کەس لە قەزای رانیەی دەڤەری راپەڕین پێنج کەس برینداربوون و سێ تۆمەتبار هەڵاتوون تائێستا دەستگیر نەکراون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ئاشکرای کرد: "شەوی رابردوو هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی کێوەڕەش ئاگادارکرانەوە لە رووداوێکی شەڕکردن لە شاری رانیە نزیك قوتابخانەی رەوەند لە ئەنجامی شەڕەکەدا  پێنچ کەس بریندار بوون".

لە راگەیەندراوی پۆلیسی راپەڕین روونکراوەتەوە: "لە لایەنی یەکەمی شەڕەکەدا کە ژمارەیان چوار کەس بووە و تەنیا یەک کەس برینداربووە بەناوی (ز، ح، س) لە دایکبووی ساڵی 2000 لە ڕەگەزی نێر پیشە کاسپ دانیشتووی رانیە، کە پاش ئەوەی بە برینداری گەیەنرایە نەخۆشخانەی گشتی رانیە و چارەسەری پێویستی بۆ کرا، بە ووتەی خۆی لە لایەن چوارکەس لە لایەنی دووەمی شەڕەکە بە چەقۆهێرشی کراوەتەسەر و بریندار بووە، ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکی دایە. لە لایەنی دووەمی شەڕەکەدا کە ئەوانیش ژمارەیان چوار کەس بووە و هەرچواریان بریندار بوون بەناوەکانی ( ئ، ع، گ) لە دایکبووی ساڵی 2002 لە رەگەزی نێر پیشە کاسپ (ش، ع، أ) لەدایکبووی ساڵی 2003 لە رەگەزی نێر پیشە ڪاسپ(د، خ، و) لە دایکبووی ساڵی 2002 لە رەگەزی نێر پیشە کاسپ (م، أ، خ) لە دایکبووی ساڵی 2004 پیشە کاسپ پاش ئەوەی چارەسەر پێویسیان بۆ کراوە، لە نەخۆشخانە، بە وتەی خۆیان لەلایەن هەر چوار کەسی لایەنی یەکەمی شەڕەکە هێرشیان کراوەتە سەر بە چەقۆ و دەمانچە و بەهۆیەوە بریندار بوون".

ئاماژە بەوەشکراوە: "سێ کەسەکەی تری لایەنی یەکەمی شەڕەکە پێش گەیشتنی هێزەکانمان بۆ شوێنی روداوەکە لە شوێنی روداوەکە رایان کردووە و لە ئێستادا لە هەوڵی دەستگیرکرندیانداین. سەرجەم برینداران لە ژێر چاودێری پزیشکیدان لە نەخۆشخانەی گشتی رانیە و پاش گەیشتنیان بۆ نەخۆشخانە دەرکەوت کە شوێنەواری چەقۆ و فیشەک بەسەر جەستەی پێنج  بریندارەکانەوە هەیە".

پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاندووە "بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە هۆکاری شەڕەکە لەسەر دەمەقاڵێی نێوان هەردوو لایەنی شەڕەکە بووە. مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە بەڕێز دادوەر بڕیاری دا بە ڕاگرتنی تۆمەتبارانی سەرەوە بە پێی مادەی 413 لە یاسای سزادانی عێراقی و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە".