لە پشدەر بەهۆی تەقینەوەی (تی ئێن تی) کەسێک گیانی لەدەستدا

K24 – قەڵادزێ
پەیامنێری کوردستان24 لە دەڤەری راپەڕین رایگەیاند: "لە گوندی سەید ئەحمەدانی سنووری پشدەر، تی ئێن تی بە چەند کەسێکدا تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی تریش بریندارن".
لەبارەی رووداوەکە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ئاشکرای کرد: "کەمێک پێش ئێستا تەرمێک بەناوی ( م . س . ح ) لەدایکبووی ساڵی 1988 دانیشتووی گوندی سەیداحمەدان لەگەڵ 2 برینداری تر گەیەندرانە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ، کە لەکاتی هەڵکەندنی بیری دەستی ویستویانە TNT بەکاربێنن، پێیاندا تەقیوەتەوە".
لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە: "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە لەکاتی تەقینەوەکەدا کوڕێکی بریندار بووە، کە تەمەنی 8 ساڵە لەگەڵ مێردمنداڵێکی تر کە تەمەنی 16 ساڵە و بە ڕۆژانە ئیشی بۆ ناوبراو کردووە".
روونکراوەتەوە: "قوربانییەکان وەستای هەڵکەندنی بیر بوون و لەکاتی کارکردن بۆ خاوەن باخێک TNTیان بەکار هێناوە، بەوتەی خاوەن باخەکەش "ئەوانی بەکرێ گرتووە تا بیری دەستی بۆ هەڵکەنن، بەڵام لەناو بیرەکە گەیشتونەتە شاخ و ویستویانە بە سود وەرگرتن لە TNT شاخەکە بشکێنن، بەڵام پێیاندا تەقیوەتەوە".
پۆلیسی راپەڕین، راشیگەیاندووە: "باری تەندروستی بریندارەکان جێگیرە و دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە کراوەتەوە".