رێگای کەمەربەندی سۆران دادەخرێت

بەهۆی درزبردنی زەوی مەترسی دروستکردووە
رێگای کەمەربەندی سۆران
رێگای کەمەربەندی سۆران

K24 – سۆران

بەهۆی درزبردنی بەشێک لەو زەوییەی دەکەوێتە پشت رێگای کەمەربەندی سۆران، کە پێشتر هۆشداری لە مەترسی کەوتنی درابوو، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو گرفتە ئەمڕۆ رێگاکە دادەخرێت.

قایمقامیەتی قەزای سۆران لە راگەیەندراوێکدا بۆ ئاگادارکردنەوەی شوفێر و هاووڵاتیان و گەشیاران رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە رێگای کەمەربەندی سۆران (باپشتیان) دادەخرێت بەهۆی دەستپێکردنی کارکردن بە مەبەستی هەڵگرتنی ناوچەی درزبردووی رێگاکە .

دوای ئەوەی کوردستان24 لە بەدواداچوونێکدا مەترسی درزبردنی بەشێک لە زەوی ئەو رێگایەی خستەڕوو، چەند شاندێکی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی شوێنەکەیان کرد. رۆژی دووشەممەی رابردوو ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە کاتی سەردانی بۆ رێگای کەمەربەندی سۆران رایگەیاند، لە هەنگاوی یەکەمدا ئەو بەشەی گردەکە کە درزی بردووە، چارەسەری گرفتەکە دەکەن.

رێگای کەمەربەندی سۆران، لە زارگەلی سۆران دەستپێدەکات تا ئیچقەڵا، جگە لەوەی رێگای رۆژانەی بەشێک لە هاووڵاتییانی دەڤەری سۆرانە، رێگایەکی بارزگانیی و گەشتیارییە، چونکە ئەو بارهەڵگرانەی لەنێوان هەولێر – پیرانشار، بارەکانیان دەگوازنەوە، بەو رێگایەدا هاتووچۆ دەکەن، هاوکات ئەو گەشتیارانەی بە مەرزی حاجی ئۆمەران هاتووچۆ دەکەن، ئەگەر بیانەوێت نەڕۆنە ناو سۆران و رواندز بەو رێگایەدا دەڕۆن.