تەندروستی کەرکووک: دۆخی شارەکە مەترسیدارە

"زۆربەی پشکنینەکان پۆزەتیڤن"
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – کەرکووک

بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکووک رایدەگەیەنێت، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و دۆخی تەندروستی شارەکە مەترسیدارە.

نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکووک بە کوردستان24ی راگەیاند: "دۆخی کەرکووک زۆر خراپە و حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووتەوە و خەڵکێکی زۆر هاتوونەتە نەخۆشخانەکان، بەتایبەت ئەو نەخۆشخانانەی بۆ کۆرۆنا تەرخانکراون، پڕبوون لە نەخۆش".

ئاشکراشی کرد: "ئەو پشکنینانەی لە کەرکووک بۆ هاووڵاتییان کراوە، 50٪ی پۆزەتیڤ بوو، ئێمەش وەکو وڵاتانی پێشکەوتوو لە تواناماندا نییە ئەو هەموو نەخۆشە لە خۆ بگرین، بەڵکو تواناکانمان لە کەرتی تەندروستی سنووردارە، ئەگەر دۆخی تەندروستی بەرەو داڕمان بێت، ئەوا هاووڵاتییان زەرەمەندی یەکەم دەبن، بۆیە داواکارین لە هاووڵاتییان رێکارەکانی خۆپارێزی لەبەرچاو بگرن".

بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکووک، گوتیشی: "ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرکووک بە کۆرۆنا گیانیا لەدەستداوە گەیشتووە هەزار و 55 کەس، لەنێویاندا 15 پزیشک و کارمەندی تەندروستی بوون، لەبەرامبەر هەموو ئەو قوربانیدانەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی هاووڵاتییان رێنمایی و رێکارەکانی خۆپارێزی پشتگوێ دەخەن".

ئاماژەی بەوەشدا: "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین، ئەوانەی سەردانی هەولێر و سلێمانی ناوجەکانی دیکە دەکەن، بێن پشکنین بکەن، بۆ ئەوەی بە زوویی بزانرێت کە تووش بووە یان نا".

سەبارەت بە ئەگەری قەدەغەی هاتووچۆ لە کەرکووک، نەبیل حەمدی، گوتی: "گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی قەدەغەی هاتووچۆ سوودی نییە، بۆیە ناچارین ئەو کەسانە سزا بدەین کە پابەندی رێنماییەکان نابن".