فوئاد حوسێن: بە بەرپرسانی ئێرانمان گوتووە هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی هەولێر و بەغدا رابگرن

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق: به‌ به‌رپرسانی ئێرانمان راگه‌یاندووه‌، بەشێك لەو گروپانە بە ئاشکرا دەڵێن بیروباوەڕیان سەر بە ئێرانە
فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق
فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق

K24- هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت: بە بەرپرسانی ئێرانمان گوتووە هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی هەولێر و بەغدا رابگرن.

لە چاوپێکەوتنکیدا لەگەڵ کەناڵی حوڕە، فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی، بە راشکاوانە گفتوگۆیان لەبارەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەکانی هەولێر و بەغدا کردووە و بەرپرسانی ئێرانی رەتیانکردووەتەوە، کە ئەوان پەیوەندییان بەو هێرشانەوە هەبێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکراشی کرد، لە کۆبوونەوەکانی بەغدا و تاران داوایان لە بەرپرسانی ئێرانی کردووە دەستوەردان بکەن و هێرشی گروپە چەکدارەکان رابگرن و بە ئێرانییەکانیشیان گوتووە: بەشێك لەو گروپانە بە ئاشکرا دەڵێن بیروباوەڕیان سەر بە ئێرانە.

لەبارەی هێرشەکانی تورکیاش بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، وەزیری دەرەوەی عێراق رەتیكرده‌وه‌ کە توركیا ئه‌و هێرشانه‌ به‌ڕككه‌وتن لەگەڵ بەغدا ئه‌نجام بدات و گوتیشی: ئەوان دڵخۆش نین بە بوونی هێزەکانی پەکەکە لەسەر خاکی عێراق و گوتیشی: دەستوور رێگە بە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ نادات.

H.B