یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی له‌ مۆسکۆ دەستی پێکرد

فێستیڤاڵه‌كه‌ بەسەرپەرشتی بەفرین دیزاینەر و بەهاوکاری میدیایی، دامەزراوەی کوردستان24 دەستی پێکرد.. له‌ماوه‌ی سێ رۆژدا 35 فیلم نمایش ده‌كرێن

K24- مۆسكۆ:

بەبەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە دەرهێنەر، سینەماکار و هونەرمەند، لە سینەما ئۆکتۆبەری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی مۆسکۆ بەسەرپەرشتی بەفرین دیزاینەر و بە هاوکاری میدیایی، دامەزراوەی کوردستان24 دەستی پێکرد، لە رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵه‌كه‌دا فیلمی کچانی خۆر نمایشکرا، کە خانمە دەرهێنەری فەرەنسی، ئیڤا هوسۆن بەرهەمی هێناوە. فێستیڤاڵەکە تا رۆژی 25ی ئه‌م مانگه‌ بەردەوام دەبێت و 35 فیلم نمایش دەکرێن.

گولیزار گەردن زەری، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە دەڵێت: بەهۆی رێکارەکانی کۆرۆناوە، میوانان لە باشور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان بێ بەش بوون لە بەشداریکردن لەم فێستیڤاڵەدا.

هاوكات رێزان یەشیلباش، دەرهێنەرێکی کوردە و بە فیلمی "بێ دەنگی" به‌شداری لە فێستیڤاڵەكه‌دا کردووە و وەك خۆی دەڵێت: فیلمەکەی تائێستا زیاتر لە 100 خەلاتی بەدەست هێناوه‌.

رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵ فیلمی کچانی خۆر نمایشکرا، کە خانمە دەرهێنەری فەرەنسی ئیڤا هوسۆن بەرهەمی هێناوە، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا نەیتوانی ئامادەبێت. کەرەم گەردن زەری، یەکەم هونەرمەندی کوردە، میوزیکی رۆکی ئاوێزانی هونەری کوردی کردووە، ئێستا کچ و نەوەکەی یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆیان رێکخستووە.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ رێزان یەشیلباش، ده‌رهێنه‌ری فیلمی "بێ ده‌نگی" ورده‌كاری زیاتری له‌باره‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌ راگه‌یاند و تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: رۆژانه‌ چه‌ند فیلمێك نیشان ده‌درێن و سه‌ره‌تای فێستیڤاڵه‌كه‌ به‌ به‌شدارییه‌كی زۆر ده‌ستی پێكرد و پێشوازییه‌كی گه‌وره‌ له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ كرا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌و كار و چالاكیانه‌یان به‌رده‌وام ده‌بن و پلانیان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا هه‌نگاوی گه‌وره‌تر له‌م بواره‌دا بنێن.

H.B