راپۆرتێکی نێودەوڵەتی هۆشداری له داڕمانی دۆخی عێراق دەدات
K24- ههولێر:
راپۆرتێکی نێودەوڵەتی هۆشداری له داڕمانی دۆخی عێراق دەدات و جهخت دهكاتهوه، تائێستا ئاوارەیی و بێکاری له عێراق بهردهوامه و هەژاری تەنگی بە زۆرینەی دانیشتووانی ئهو وڵاته هەڵچنیوە، لە هەمان کاتدا ناسهقامگیری سیاسی و ئابووری باڵی بەسەر دۆخەکەدا كێشاوه.
رێکخراوی "گراوند تروث سۆلیوشنز" لە نوێترین راپۆرتیدا کە لە پێگەی ئۆتشای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردووەتەوە، هۆشداری لە دۆخی مرۆیی عێراق دەدات، کە سەختی دۆخی ئابووری بووەتە هەڕەشە لەسەر چینە لاوازەکانی کۆمەڵگهی عێراق، بە تایبەت دوای سێ ساڵ لە کۆتاییهاتنی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگاکان و شەڕی دژ به داعش.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، 1.2 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و 246 هەزار پەنابەری سووری لە عێراق دەژین.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، دۆخی مرۆیی لە عێراق داڕماوە، سەرەڕای ئەوەی پارێزگاکان کۆنترۆڵکراون، بەڵام ئاوارەیی و بێکاری تاوەکو ئێستا ماون، هەژاری تەنگی بە زۆرینەی دانیشتووان هەڵچنیوە، لە هەمان کاتدا نا سهقامگیری سیاسی و ئابووری باڵی بەسەر دۆخەکە كێشاوه.
ئەو رێکخراوە ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی کۆرۆنا زیاتر له 18 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و تا دێت دۆخەکە خراپتر دەبێت.
هەر بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنەکان لە لایەن حکومەتەوە، ههر له بە قەدەغەی هاتووچۆوه تا رێکارەکانی دیکە، بێکاری بەرزبووەتەوە، بەهۆی داخستنی کەمپەکانیش لەلایەن حکومەتەوە، هەزاران کەس بێپەناگە ماونەتەوە و ناتوانن شەرەفماندانە بگەڕێنەوە سهر زێدی خۆیان.
ئەو رێکخراوە بە هاوکاری لەگەڵ ناوەندی زانیاری عێراقی راپرسییەکی ئەنجامداوە، لە راپرسییەکەدا، بۆچوونی 575 ئاوارەی ناوخۆ و 210 ئاوەرەی گەڕاوە و 139 ئاوارەی لەسەر ئاستی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ وەرگرتووە.
لە ئەنجامی راپرسییەکەدا هاتووە، ئاوارەکان زانیاری پێویستیان لەبارەی هاوکاری و خزمەتگوزاری وچۆنییەتی دۆزینەوەی کاریان نییە.
هاوکات، بهڕێژهی 38%ی بهشداربووانی راپرسییهكه لهو باوهڕهدان، پێشکەشکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان وەك خواردن و پەناگە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لاوازن، داوا دەکەن بە شێوەی پارەی نەختینە هاوکاری زیاتریان بکرێت. لە هەمان کاتدا، یەك لەسەر سێی ئاوارەکان بە داخستنی کەمپەکان کاریگەربوونە و ترسی ئهوهیان هەیە لە هاوکارییەکانیش بێ بەش بکرێن.
H.B