باڵیۆزی پێشووی ئه‌مه‌ریكا: ھەرێمی كوردستان بەشێكە له‌ گفتوگۆی ستراتیژی ئه‌مه‌ریكی – عێراقی

دوگلاس سیلیمان: ئەمه‌ریكا وەك دوو ھاوپەیمان گفتوگۆ لەگەڵ ھەولێر و بەغدا دەكات

K24- هه‌ولێر:

گەڕی چوارەمی گفتوگۆى ستراتیژیی ئەمه‌ریكه‌ - عێراقی لە واشنتن بەڕێوەدەچێت، ھەردوولا دەیانەوێ لەو گەڕەدا بە ئەنجام بگەن و لەسەر قۆناغی داھاتووی پێوەندییەكانیان رێكبكەون، باڵیۆزی پێشووی ئەمه‌ریكاش لە عێراق دەڵێت: ھەرێمی كوردستان بەشێكە لەو گفتوگۆیانە و ئەمه‌ریكا گفتوگۆ لەگەڵ ھەولێر و بەغدا وەكو دوو ھاوپەیمان دەكات.

دوگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووی ئه‌مه‌ریكا لە عێراق جه‌ختی كرده‌وه‌: "بەڕای من ئەو دیالۆگە ستراتیژییە گرنگە بۆ پەرەپێدان بە پرسە تایبەت و گشتییەكانی نێوان عێراق و ئەمه‌ریكا، ئەوه‌ گرنگیدانە بە ئاسایشی ھاوپەیمانێكمان، ھەروەھا گرنگیدانە بە بازرگانی، راوێژكاری، پەروەردە، كولتوور و ھاوكاری سیاسی لەنێوانمان، كە ھەموو ئەوانە بۆ داھاتووی عێراق گرنگن، پێویستە لەوەش تێبگەین، كە ئەو گفتوگۆیانە لەنێوان ئەمه‌ریكا و ھاوپەیمانەكانی لە ھەولێر و بەغدایە و گرنگییەكەی بۆ ھەموو عێراقە".

گفتوگۆ ستراتیژییەكانی ئەمه‌ریكا و عێراق لە كاتێكدان، كە گوشارێكی ناوخۆ لە عێراق بۆ چوونەدەری ھێزەكانی ئەمه‌ریكا له‌ئارا دایه‌، ئەمه‌ریكاش گلەیی لەوە ھەیە، كە بەرژەوەندییەكانی لەسەر خاكی عێراق لەلایەن ھەندێك گروپی چەكداری نایاسایی نزیك لە ئێران دەكرێنە ئامانج. لەگەڵ ئەوەش فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە كوردستانی 24ی گوت: "ھێزێكی كه‌می چه‌كداریی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بوونی هه‌یه‌، ئەوانەی ھەشن بڕیارە به‌گوێره‌یە خشتەیەكی كاتی بكشێنه‌وه‌. لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندیی ئابووریی پرسێكی گرنگی نێوانیانە و ھەرێمی كوردستانیش لایەنێكی سەرەكی ئەو گفتوگۆیانەیە".

ستیڤن لوتس، بەرپرسی ژووری بازرگانی عێراقی – ئەمریکی گوتی: زۆر  گرنگە ھەرێمی كوردستان سوود لە دەرفەتە ئابوورییەكان وەربگرێت، پێویستە بیر لە رێكار و بیرۆكەی دیكەش بكاتەوە. كەرتی وزە گرنگە، بەڵام دەبێ گرنگی بە كشتوكاڵ، تۆریزم و كەرتی تەندروستیش بدات، ئێمەش پشتیوانیان دەكەین، كە سوود لە دەرفەتەكان وەربگرن.

سێ جاری دیكە شاندەكانی ئەمه‌ریكا، عێراق و ھەرێمی كوردستان گفتوگۆیان كردووە، لایەنەكانیش پێیانوایە گفتوگۆكان بۆ ئەوەیە، شێوازی پەیوەندییەكانی ھەر دوولا بۆ داھاتوو دابرێژرێتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەكان، بەرژەوەندی لایەنەكانیش پارێزراو بێت. ئێستا ئەگەرچی بڕیارە لە چوارەم گەڕدا بگه‌نه‌ ئانجامێكی كۆتایی، بەڵام كێشە و ناكۆكییەكان ھەر ماون، ھەردوولاش ئەگەرچی باس لە چوونەدەری ئەمه‌ریكاییەكان دەكەن، بەڵام نیگەرانی رۆژی دوای نەمانی ئەمه‌ریكییەكان لە عێراقیش هه‌ن.

H.B