له ژماره‌یه‌ك نه‌خۆشخانه‌ی عێراق ئۆكسجین كه‌میكردووه
K24- هه‌ولێر:
میدیا عێراقییه‌كان بڵاویان كرده‌وه، به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى تووشبووان به ڤایرۆسى كۆرۆنا، ئۆكسجین له ژماره‌یه‌ك نه‌خۆشخانه دیاره‌كانى عێراق، كه‌میكردووه، خه‌ڵكى تووشى دڵه‌ڕاوكێ بوونە.
ئه‌و سه‌رچاوانه، راشیانگه‌یاند، سیستمى جه‌ختكردنه‌وه‌ى ئۆكسجین، له نه‌خۆشخانه‌كانى (دار السلام) و (مه‌جلس الاقتصادى)، له به‌غدا، لاواز بووە، كاریگه‌ری دروستكردووه بۆ سه‌ر ته‌ندروستى تووشبووان.
ئاماژه‌شیانپێكرد، له به‌یانییه‌وه، تاوه‌كو پێش نیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ، نزیكه‌ى (10) كه‌س، به‌هۆی نەمانی ئۆكسجین له نه‌خۆشخانه‌كانى عێراق ، گیانیان له‌ده‌ستداوه.
له‌مباره‌یه‌وه، ئینتیفاز قه‌مبه‌ر، راگه‌یاندنكاری عێراقی، له هه‌ژمارى تایبه‌تى له تویته‌ر، بانگه‌وازێكى ئاڕاسته‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بی و ناوچه‌كه كردووه، داوایكردووه ئۆكسجین بۆ عێراق دابین بكه‌ن.
روونیكردووه‌ته‌وه، ئۆكسجین چاره‌سه‌ر نیه بۆ نه‌خۆش، به‌ڵام هاوكاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ناسه بدات، چونکە نه‌خۆش له عێراق، به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانى كۆرۆنا و نەمانی ئۆکسجین ده‌خنكێت، سییه‌كان به پێدانى ئۆكسجینه‌وه ده‌توانن به‌رگری و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڤایرۆسه بكه‌ن.
زۆربه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییەکانی ته‌ندروستى عێراق و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى ئه‌و وڵاته، بانگه‌وازیانكردووه، كه ئاستى كۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌كى چاوه‌ڕوان نه‌كراو به‌رز بووه‌ته‌وه، هۆشداریشیاندا، كه رێژه‌كه مه‌ترسیداره و هێشتاش به‌رزتر ده‌بێته‌وه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی تووشبوون، مردن و چاكبوونه‌وه‌ی كۆرۆنای له‌سه‌رانسه‌ری وڵات، راگه‌یاند و به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا پشكنینی پزیشكی بۆ 31 هه‌زار و 192 كه‌س ئه‌نجامدراوه و تووشبوونی 8 هه‌زار و 106 كه‌سی دیكه به په‌تاكه پشتڕاست كرایه‌وه. زۆرترین ژماره‌ی تووشبوونی ئه‌مڕۆش له ناوچه‌ی كه‌رخی شاری به‌غدا تۆماركرا، كه بریتییه هه‌زار و 25 حاڵه‌ت.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتبووه، له‌ماوه‌ی شه‌و و رۆژێكدا 81 كه‌س به‌هۆی په‌تاكه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
سەرچاوە: العراق الان
ک.ب