پێداچوونەوە بە لیستی خانەنشینی پلە باڵاكان لە ھەرێمی كوردستان گه‌یشته‌ قۆناغی كۆتایی

لە هەزار و 470 پلە باڵا، 715 كەسیان بە نایاسایی خانەنشین کراون.. دوای ئه‌م چاكسازییه‌ ساڵانە 24 ملیار دینار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومەت.. بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌درێت كه‌ به‌ نایاسایی خانه‌نشین كراون

K24- هه‌ولێر:

پێداچوونەوە بە لیستی خانەنشینی پلە باڵاكان لە ھەرێمی كوردستان لە قۆناغی كۆتاییدایە و بەپێی ئەو لیستانەی كاریان لەسەر كراوە، دەركەوتووە لە هەزار و 470 پلە باڵا، 715 كەسیان بە نایاسایی خانەنشین کراون، بە چاكسازییكردن لە لیستی پلە باڵاکانیش ساڵانە 24 ملیار دینار دەگەڕێتەوە خه‌زێنه‌ی حكومەت، حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش لیژنەیەكی لە پێنج شوێن پێكھێناوە بۆ چارەنووسی ئەو پلە باڵایانەی بە نایاسایی خانەنشین كراون.

پلە باڵاكان كه‌ وەزیر، بریكاری وەزیر، پەرلەمانتار، راوێژكار و بەرێوەبەری گشتی دەگرێتەوە، به‌گوته‌ی سەعید مستەفا، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەسپاكی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، لە ھەرێمی كوردستانهه‌زار و 900 كەس بەو پلانە خانەنشین كراون، جگە لە لیستی پەرلەمانتاران، ئێستا پێداچونەوە بە هه‌زار و 750 لیستی پلە باڵا كراوە و دەركەوتووە 715 كەسیان بە نایاسایی خانەنشین كراون.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ئەگەر یاسای چاكسازی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، ساڵانە 24 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی حكومه‌ت دەگەڕێتەوە.

به‌گویره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، بەم نزیكانە پێداچوونەوە بۆ لیستی خانەنشینی ئەو پەرلەمانتارانەش دەكرێت، كە تا خولی چوارەم خانەنشین كراون، له‌مباره‌شه‌وه‌ ئەرشەد حاجی تەھا، پسپۆری ئابووری دووپاتیكرده‌وه‌، جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە رووی دادپەروەری، ئیداری و داراییەوە سوودی بۆ ھەرێمی كوردستان دەبێت، دڵنیایش دەدرێتە ھاووڵاتیان، كه‌ جێبەجێكردنی یاساکە بۆ ھەموو كەسێكە لە ھەر پلەیەك بێت.

مەبەستی یاسای چاكسازی بڕینی مووچەی ھیچ مووچەخۆرێك نیە، بەڵكو دادپەروەریە لە نێوان مووچەخۆران بەبێ جیاوازی، ئەنجوومەنی وەزیرانیش لە رێگەی لیژنەیەكەوە كە لە 5 دامەزراوەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان پێكدێت، بەپیێ ماددەكانی یاساكە بڕیار لەسەر ئەو كەسانە دەدات، كه‌ بە نایاسایی خانەنشین كراون.

H.B