رۆژنامه‌یه‌ك كاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ئاشكرا ده‌كات

كۆشكی سپی: رۆژی دووشەممەی داهاتوو جۆ بایدن پرسی مانەوە یان دەرچوونی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق لەگەڵ مستەفا کازمی تاوتوێ دەکات

K24- هه‌ولێر:

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵی ئەمه‌ریکی لە چەند سەرچاوەیەکی ئەمه‌ریکی و عێراقیەوە گواستییه‌وه‌، بەغدا و واشنت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێککەوتوون، تا کۆتایی ئەمساڵ ئەمه‌ریکا هێزە شەڕکەرەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە.

له‌و باره‌شه‌وه‌ فودا حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگه‌یاند: چیتر عێراق پێویستی بە هێزی شەڕکەری ئەمه‌ریکی نیە، ئەوەی پێویستمانە راهێنان و راوێژ و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگرییە، واتە ئەمه‌ریکا ئەرك و رۆڵی خۆی لە عێراق دەگۆڕێت بۆ راوێژکاری. دوای کۆتایهاتنی ئەم گەڕەی گفتوگۆکان و رۆژی هەینی لە راگەێندراوێکی هاوبەشی ئەمه‌ریکی عێراقیدا ئەم بابەتە ئاشکرا دەکرێت.

جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئێمە لەسەر داواكاری و بانگهێشتی فەرمی حکومەتی عێراق لەو وڵاتەین و رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمه‌ریکا لە کۆشکی سپی پرسی مانەوە یان دەرچوونی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوتوێ دەکات.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا کشانەوەی سەربازەکانیان لە عێراق نە رەتكرده‌وه‌ و نە پشتراستی كرده‌وه‌ و گوتی: "رۆژی هەینی گفتوگۆی ستراتیژی ئەمه‌ریکا و عێراق بەرێوەدەچێت و وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکاش بەشداری تێدا دەکات. رۆژی دووشەممەش سەرۆك وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی پێشوازی لێدەکرێت. مانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق لەسەر بانگهێشتی فەرمی ئەو وڵاتە بووە. ئامانجیشمان لەناوبردنی یەکجارەکی داعشە. مەبەستمانە هێزە عێراقیەکان خۆیان رابەرایەتی شەڕی دژ بە داعش بکەن. من پێش کۆبوونەوەکەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك بایدن و پێش راگەێندراوی گفتوگۆی ستراتیژیش ناکەوم. بەڵام دەمانەوێت شەڕی لەناوبردنی داعش بابەتی سەرەکی بێت. عێراق هاوبەشی ئێمەیە و دەمانەوێت شەڕی لەناوبردنی داعش کە ئامانجی هاوبەشمانە پێکەوە بەدیبهێنین."

ئێستا ئەمه‌ریکا نزیکەی 2 هەزار و 500 سەربازی لە عێراقن، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا کراوە، ئەمه‌ریکا ئەو 2 هەزار 500 سەربازەی دەکشێنێتەوە و لەشوێنیان راوێژکار و راهێنەری سەربازی دەنێرێتە عێراق، واتە تا کۆتایی ئەمساڵ رۆڵی ئەمه‌ریکا لە عێراق دەگۆڕێت بۆ راوێژکاری.

H.B